فراکسیۆنی پارتی؛ پەکەکە بۆ داپۆشینی شکستەکانیان سەرکوتی ئەوانە دەکات وەک خۆیان بیر ناکەنەوە

فراکسیۆنی پارتی؛ پەکەکە بۆ داپۆشینی شکستەکانیان سەرکوتی ئەوانە دەکات وەک خۆیان بیر ناکەنەوە
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دەربارەی سیاسه‌تى تۆتالیتارییانەی (پەکەکە) لە ڕۆژئاوای كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی تاوانەکانی (پەکەکە)، ئاگاداریشی کردوونەوە، كە واز لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی تۆقاندن بهێنن و لەوە زیاتر خەریكی تۆماركردنی شەرمەزاری و ڕیسوایی دیرۆكی نەبن، چونكە پەیڕەوكردنی ئەو ویست و سیاسەتانە، لە سەرشۆڕی و ڕیسوایی زیاتر، شتێكی تری لێ بەرهەم نایەت و لە دواییشدا دەكەونە بەر غەزەبی گەل.

ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌کەی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان:


جەماوەری ئازیزی کوردستان!
ڕای گشتی و هێز و لایەنە ئازادیخواز و ئارامیویستەکانی وڵات!


بەداخەوە، درێژەپێدانی سیاسەتی تۆتالیتارییانەی (پەکەکە) لە ڕۆژئاوای كوردستان، گەیشتووەتە ئاستە ترسناكەكەی و بەئاشكرا هەردەنگێك لە دەرەوەی خۆیانەوە بێت و سیاسەت و ئایدیۆلۆژییەكەیان پەسەند نەكات، سەركوت و كپی دەكەن، بۆیە ئێستا بەندیخانەكانییان پڕ كراون لەو مرۆڤە ئازادیخوازانەی، كە لەژێر بەرنامە و ستەمی (پەکەکە)دا، درێژە بە خەباتی سیاسییان نادەن و (پەکەکە) و ئایدیۆلۆژییەكەی بە وەڵامدەرەوەی ویستە ئازادیخوازییەكانییان نازانن. لقی (پەکەکە) لە ڕۆژئاوی کوردستان، له دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە درێژەی سەپاندنی ویستە تۆتالیتارییەكەیاندا، لە قامیشلۆ، عاموودا، دێریكێ و چەندین شوێنی دیكە، هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگانی (ئەنەكەسە) و دایانخستوون، لە هەندێك بارەگاشدا بەوەوە ڕانەوەستاون و دەستیان بە تاڵانكردن و سوتاندنیان كردووە و پرۆسەكەشیان بەردەوامە؛ ئەمە جگە لەوەی كە دەمێكە هەڵدەكوتنە سەر ماڵ و خێزانی ئەندامان و لایەنگرانی (ئەنەكەسە) و لە بەرانبەر وازنەهێنانیان لە بڕوای سیاسییان، یان وازنەهێنانییان لە پێشمەرگایەتی، ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن، بەندكردن و ئەشكەنجەدان دەكەنەوە. پەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتەش دوو ئامانجی لە پشتەوەیە:

یەكەم: دەركەوتنی ڕووی ترسناكی ئایدیۆلۆژیی (پەکەکە)، كە بنەما لە تۆتالیتارییەت وەردەگرێت.
دووەم: سەرنەكەوتنی پڕۆژە سیاسییەكانییان لە ڕۆژئاوای كوردستان و داپۆشینی ئەو شكستانە، بە سەركوتكردنی ئەوانەی وەك خۆیان بیرناكەوە.

ئێمە، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی ئەو تاوانانەی (پەکەکە)، ئاگاداریشیان دەكەینەوە، كە واز لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی تۆقاندن بهێنن و لەوە زیاتر خەریكی تۆماركردنی شەرمەزاری و ڕیسواییی دیرۆكی نەبن، چونكە پەیڕەوكردنی ئەو ویست و سیاسەتانە، لە سەرشۆڕی و ڕیسوایی زیاتر، شتێكی تری لێ بەرهەم نایەت و لە دواییشدا دەكەونە بەر غەزەبی گەل.

(پەکەکە) لە هەرێمی كوردستانیشدا، بەهۆی داگیركردنی (515) گوند، كە (304) گوندیان لە پارێزگای دهۆك و (177) گوندیان لە پارێزگای هەولێر و (34) گوندیا لە پاێزگای سلێمانین، بووەتە هۆی كاولكاریی ئەو گوندانە و بەو هۆیەشەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە وەك پێویست خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات، بۆیە ئەو داگیركارییانەش، نەك بەتەنیا پێشێلكارییەكە لەبەرانبەر سیادە و سەروەریی هه‌رێمی کوردستان و دامودەزگاكانیدا، تاوانێكیشە دژ بە هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و، گوندنشینان بە تایبەتی و، ڕێگرییە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵات. بۆیه باشترین ڕێگا ئه‌وەیە هەرچی زووە هه‌رێمی کوردستان جێ بێڵن. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی، (پەکەکە) لە هەر شوێنێك بێت، جگە لەوەی ناتوانێت لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك بسازێت و کەسی تری قبووڵ نییه‌، بەڵكو بە هەموو توانایشیەوە، هەوڵی شێواندنی سرووشتی ژیانی هاونیشتمانیان دەدات و ڕێ لە ئاوەدانكردنەوەش دەگرێت..
KDP-
Top