ئێزدییه‌كان ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌ جێده‌هێڵن

 ئێزدییه‌كان ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌ جێده‌هێڵن
ئه‌و كورده‌ ئێزدیانه‌ی ناوچه‌كانی شنگال، كه‌ پێشتر برابوونه‌ ناو ریزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" یان چه‌كیان بۆ هێزه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌ڵگرتبوو، ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌ جێده‌هێڵن و په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

زانیوویه‌تی، له‌ ماوه‌ی 3 رۆژی رابردوودا 53 چه‌كداری كوردی ئێزدی كه‌ چه‌كداری په‌كه‌كه‌ بوون، په‌یوه‌ندییان به‌ فه‌رمانده‌یی شنگالی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ و وازیان له‌ په‌كه‌كه‌ هێناوه‌.

له‌ كاتی داگیركردنی ناوچه‌كانی شنگال له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌، هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ به‌ چه‌ند شێوه‌یه‌ك خۆیان گه‌یانده‌ چیای شنگال و ناوچه‌كانی ئێزدییه‌كان و به‌ چری ده‌ستیانكردبوو به‌ بانگه‌شه‌ بۆ خۆیان و ژماره‌یه‌ك له‌ كورده‌ ئێزدییه‌كانیان بردبووه‌ ریزه‌كانی خۆیانه‌وه‌، زۆر جاریش خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هاواریان لێهه‌ستاوه‌ و رایانگه‌یاندووه‌" كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ زۆر منداڵه‌كانیان په‌لكێشی ناو هێزه‌كانی خۆی ده‌كات و ده‌یانكاته‌ چه‌كداری خۆی".

ئێستاش چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌دا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا گرژی درووست ده‌كه‌ن و دوێنێش پاش ئه‌وه‌ی له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكیان هێنابووه‌ ناوچه‌كانی خانه‌سۆر و پشێوییان نابووه‌وه‌، خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بێزاری خۆیان له‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ ده‌ربڕی به‌ تایبه‌تی كه‌ زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی هێنرابوون، به‌ گووته‌ی به‌رێوه‌به‌ری شاره‌دێی سنونێ عه‌ره‌به‌كانی پارێزگای حه‌سه‌كه‌ بوون له‌ رۆژئاوای كوردستان..
K24 -
Top