له‌ مه‌راسيمى ساڵيادى دامه‌زراندنيدا رێز له‌ كه‌سوكارى شه‌هيدانى له‌شكرى رۆژ ده‌گيرێت

له‌ مه‌راسيمى ساڵيادى دامه‌زراندنيدا رێز له‌ كه‌سوكارى شه‌هيدانى له‌شكرى رۆژ ده‌گيرێت


بەئامادەبوونى فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى حکوومى و حزبى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى پێکهاتە ئایینییەکان هەروەها نوێنەرى ئەنەکەسە لە پارێزگاى دهۆک لە هۆڵى کۆنفرانسەکان دوێنێ پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى لەشکرى رۆژ بەڕێوەچوو.

دواى یەک خولەک وەستان بۆ گیانى شەهیدان و ٤٤ شەهیدى لەشکرى رۆژ بەرپرسى راگەیاندنى فەرماندەیی زێرەڤانى، عەقید دڵشاد مەولود سوپاسى ئامادەبووانى کرد و گوتى: "بەناوى دایک و خانەوادەى ٤٤ شەهیدى لەشکرى رۆژ بەخێرهاتنى یەک بەیەکتان دەکەین و سوپاس و پێزانین بۆ ئامادەبوونى هەموو چین و توێژەکان".

دواتر فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا، عەزیز وەیسى لە وتارێکدا بەبۆنەى پێنجەمین ساڵیادى لەشکرى رۆژ رایگەیاند "بەبۆنەى پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى لەشکرى رۆژى سەربە پێشمەرگەى زێرەڤانى گەرمترین پیرۆزبایی و سەرى رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و خانەوادەى شەهیدان دادەنوێنم، بە بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى ئەم لەشکرە لە کات و ساتێکى پێویستدا دامەزرا".

فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێڕەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى باسی لە مێژووى دامەزراندنى لەشکرى رۆژ کرد و گوتی: "لە سەرەتاى دەستپێکردنى شۆڕش لە سووریا، ژمارەیەکى زۆر لە گەنجى کورد لە سووریا دژى ئەوە بوون لە رێزى ئۆپۆزسیۆنى سووریا و رژێمى سووریا دژى گەلى کورد کار بکەن، بەناچارى ئاوارەبوونیان هەڵبژارد. بیرۆکەى دروستبوونى لەشکرى رۆژ ئەوبوو کە سێ تا چوار گەنج پێشنیازى دامەزراندنى هێزێکى لەو چەشنەیان کرد، منیش وەک فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى ئەم پێشنیازەى کوردى سووریام لا پەسەند بوو و بروسکەیەکم بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەم بەوەدا کە پڕۆسەیەکى لەم جۆرە هەیە لە برى ئەوەى ئەم خەڵکە ئاوارەیە رێگەیەکى هەڵە هەڵبژێرن ئەوەتا خۆیان داوایان کردووە هێزێک بۆیان دابمەزرێنرێت، خۆشبەختانە سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ئان و ساتێکى زۆر گونجاودا بڕیاری دا لەشکرى رۆژ لەژێر چاودێرى فەرماندەى فەرماندەیی زێرەڤانى و بەهەماهەنگى لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها بەهاوکارى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دابمەزرێنرێت".
k24-
Top