پارتی: دەبێ پەکەکە بکشێتەوە و نەبێتە میوانی ڕەزاقورس
ئەمڕۆ دووشەممە 13\3\2017، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ناوەندی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی حزبەکەیدا لە سیمینارێکدا ڕای گەیاند: "دامەزراندنی پەکەکە بە گوێرەی ئەو شوێنەیە کە لێی دامەزراوە، بە گوێرەی ئەو گرفتانەیە لەو شوێنە هەیە لە ئاستی تێگەیشتنی و خەباتی کۆمەڵگایەکیش دایە، بەڵام ئێستا کاتێک ئەوان خۆیان وا دەبینن دەبنە بەدیل بۆ ئەو حزبە تێکۆشەرانەی لە کوردستانی عێراق کە بە خوێن و خەبات ئەم دەسکەوتانەیان بەدەست هێناوە، تووشی هەڵەی گەورە دەبن، جگە لەوەی کۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق تووشی گرفت دەبێت، بۆیە پرسیار ئەوەیە، کاتێک تۆ پەیڕەوت بۆ شوێنێک دروست کراوە، ئامانجیشت بە شێوەیەکی تایبەت دیسان بە گوێرەی ئەو کۆمەڵگایەیە کە بۆی دامەزراوە، چۆن دێیت لە شوێنێکی دیکە کەلە ئاستی مافەکاندا جیاوازیی هەیە، لەگەڵ ئەوانەی تۆ داوای دەکەیت خۆت بسەپێنیت؟".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "تێگەیشتەکان بۆ بابەتەکان جیاوازن، پەکەکە جگە لە ئاستەنگ دروستکردن، هەوڵدان بۆ رێگری لە زیاتر بەرەو پێشکەوتوویی رزگاریخواز و مافەکانی گەلی کوردستان شتی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە، ئەوەی کە لە شنگال و قەندیل و خواکوڕک و لە قەرەچوغ و مەخموور، جگە لەوەی دەیانەوێ گرفت و بۆ حکوومەتی هەرێم و حزبەکانی کوردستان ساز بکەن کە گرفتی دیکەیان هەیە کە دەبێت چارەسەری بکەن، لەجیاتی ئەوەی هاوکار بن، خۆیان گرفت دەخولقێنن، ئاراستەی و دەستی دەرەکی زیاتر بێتە کوردستانەوە کە زیان بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی هەر چوار پارچە کوردستان دەبێت".
گوتەبێژی پارتی جەختی لەوە کردەوە: "ئەو دەستیوەردانەی ئەوان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەوەی لێرە دەیکەن، ئەو دیکتاتۆریەتەی لەناو مەیدانی تێکۆشانی ڕۆڵەکانی باکوور دەیکەن، قوبووڵ ناکرێت، زۆرمان لە بیرمانە تەمەنەکان هی ئەوە بووە ئەو ڕووداوانەمان بیر بێتەوە، پەکەکە هەوڵیان دا هەرچی حزب هەیە لە باکووری کوردستان، پاکتاوی بکەن، رێگایان بە کەس نەدا کە خەبات بکەن، تێ بکۆشن، بیرمان چۆن سەرکوتی حزبەکانیان لە باکوور دەکرد، بۆیە پێشبینی دەکەین باشترین چارەسەر ئەوەیە پەکەکە رۆڵی خۆی ببینێت، وەک حزبێک، بەڵام بەداخەوە کە هەوڵەکەی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێت."
لە درێژەدا گوتیشی: " پەکەکە باوەڕیشی بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، بۆیە باشترین رێگا و یامەرتیدەر بۆ ئەوان ئەوەیە، واز بێنن لە واقعی پارچەکانی کوردستان، چونکە هەر پارچەیەک تایبەتمەنیدی خۆی هەیە، خاوەنی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت پەکەکە واز لەو سیاسەتە بهێنێت تا ناوچەکە تووشی کێشە نەکات و دەبێت خۆی بکشێنێتەوە وەک میوان و نەبێتە میوانی رەزا قورسی."
باسنیوز
