مەلا بەختیار: رووبەڕووی جەردەكانی كوردستان دەبمەوە
دوای چەند مانگێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، رۆژی 10-3-2017، دادگای دەستووری كۆریای باشوور بەهۆی تۆمەتباربوونی بە گەندەڵی، بە زۆرینەی دەنگ لەسەركارلادانی پارک گیۆن هی، سەرۆكی وڵاتی پەسندكرد.
لەسەر ئەو بابەتە مەلا بەختیار لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، هەڵوێستی خۆی دەربڕی و هیوایخواست ئەو جۆرە سزایانە بازرگانانی نەوت و گەندەڵكارانی كۆمپانیاكانی كوردستانیش بگرێتەوە. بەڵام رووبەڕووی رەخنە كرایەوە، بەهۆی ئەوەی مادام لەنێو یەكێتیدا بەرپرسیارە، كەوابێ بۆ بڕیاری سزادان دژی گەندەڵكاران دەرناكات؟
لەوەڵامدا سكرتێری رۆژنامەڤانی مەلا بەختیار روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە " لە رواڵەتدا ئەم بۆچوونە رەوا دێتە بەرگوێ. بەڵام كاتێك ورددەبیتەوە، لەنێو پارتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، مەحاڵە بڕیاردان ئاسانبێ، بەتایبەتی لەبەرامبەر باندە گەورەكان و خاوەن بەرژەوەندییە بێشومارەكان. چونكە بەرژەوەندبازەكان تێكەڵاوی هێز و دەسەڵات و، جارجارە پاساوی یاسایی (جوان!!!)یش دەهۆننەوە".
سكرتێری رۆژنامەڤانی مەلا بەختیار كەسوكاری شەهیدان و دڵسۆزانی یەكێتی و خەڵكی كوردستان ئاگاداردەكاتەوە: "هەمیشە مەلا بەختیار لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیدا، لەسەر دیاردەی جەردەیی و ئەوانەی لە پارەی گەندەڵیدا تەرەكیون، هەروەك لە سیاسەت و هەڵوێستەكانیدا بۆچوونی دیاری هەبووە، لەبەرامبەر جەردەكانیشدا هەمیشە هەڵوێستی هەبووە و دەبێ".
لەبارەی پلانی داهاتووش سكرتێری رۆژنامەڤانی مەلا بەختیار جەختیكردووەتەوە: "هیچ فرت و فێڵێكی لاوەكی ژێربەژێر و بڕیاری ناشەرعی، بێهەڵوێست بەسەریدا تێناپەڕێ. كە هەڵوێستیش دەردەبڕێ، بێگومان بەڵگەی رەسمی لایە. بڕیاریشی داوە (جارێ!) ئەم كێشانە تەنها لە چوارچێوەی كۆبوونەوە داخراوەكاندا بهێڵێتەوە. ئەگەر لە كۆبوونەوەی رەسمیدا چارەسەرنەكرا، دوای ئەوە لە هەلێكی رەخساودا بڕیار و هەڵوێستەكانی سەبارەت بە كۆمەڵێك راستی، بە بەڵگەوە بۆ رای گشتی دەكات... !".
رووداو
