بارەگای فەرمیی ئەنەکەسە لە عامودا سوتێندرا

بارەگای فەرمیی ئەنەکەسە لە عامودا سوتێندرا
درەنگانی شەوی ڕابردوو، بارەگای سەرەکیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) سوتێندرا، ئەندامێكی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکسە لە عامودا ده‌ڵێ، هێزەکەی بارەگاکەیان سوتاند، له‌ ڕەققەوە هێنرابوون.

شەوی ڕابردوو، هێزێکی سەربە پەکەکە کە ئەندامانی لە عەرەب و تورکمانەکان پێک‌هاتبوو، هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری عامودا و، بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنەکەیان سوتاندووە.

(سەعید عومەر) بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا (پ.د.ک.س)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی گوتی: "هێزێکی سەر بە پەدە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی ئەنەکەسە لە عامودا و سوتاندوویانە، دواتر کەلوپەلی بارەگاکەیان تاڵان کردووە".

هاوکات (بڵند ئیبراهیم) ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکسە لە عامودا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هێزەکە بە شایەتیی خەڵکی ناوچەکە کەسانی عەرەب و تورکمان بوون و لە ڕەققەوە هێنرابوون بۆ سوتاندنی بارەگاکانی ئەنەکەسە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پەیەدە دەیەوێت کارەکان بە خەڵکی عەرەبنیشین بکات و ئامانجی ئەوەیە شەڕ لەنێوان ئەنەکەسە و عەرەباندا بنێتەوە".
kdp-
Top