لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان؛ چەندین دۆسیەمان لایە کە پەکەکە خەڵکی سڤیلی کوشتووە

لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان؛ چەندین دۆسیەمان لایە کە پەکەکە خەڵکی سڤیلی کوشتووە
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، هەر حزب و گرووپێك مۆڵەتی كاركردنی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەرنەگرتبێت، نابێت ڕێی پێ بدرێت، لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان چالاكیی هەبێت. دەشڵێ، چەندین دۆسیەمان لایە، کە پەكەكە دەستی لە كوشتنی چەندین هاووڵاتیی سڤیلی هەرێمی كوردستاندا هەبووە.

(نازم كەبیر)، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەر گرووپ و ڕێكخراوێكی سیاسی و مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا کار بکات، دەبێ بە گوێرەی یاسا مۆڵەتی كاركردنی پێ بدرێت و لە چوارچێوەی یاسا و بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرنەچێت. هەر حزب و گرووپێك لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی فەرمیی نەبێت، ئەوە قابیلی قبووڵ نییە و پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە. ناكرێت بە چەند كەسێك گرووپ و ڕێكخراوێكی سیاسی دروست بكەن و بە ئارەزووی خۆیان بێ ئەوەی گوێ بە یاسا و بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەن، كاری سیاسی و سەربازی بکەن. هەر بابەتێكی لەو شێوەیە دەرچوونە لە یاسا و، لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە، کە بە توندی قەدەغەیان بكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات.''

(نازم كەبیر) ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ''ئێمە، وەك لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان چەندین دۆسیەمان لەبەردەستدا هەیە، کە پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتبار دەکەن بە كوشتنی ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیلی هەرێمی كوردستان و، ئەو پارتە مەترسییە بۆسەر ژیان و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێم. هەرتاقم و گرووپێك ببێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە و دەستی لە كوشتن و برینداركردن و ئەشكەنجەدانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا هەبووبێت، نابێ لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان كار بكات و پێویستە دەربكرێت. نەك هەر دەركردن، بەڵكو دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و بدرێنە دادگا بۆ ئەوەی سزا بدرێن.''
kdp-
Top