لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان؛ چەندین دۆسیەمان لایە کە پەکەکە خەڵکی سڤیلی کوشتووە
(نازم كەبیر)، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەر گرووپ و ڕێكخراوێكی سیاسی و مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا کار بکات، دەبێ بە گوێرەی یاسا مۆڵەتی كاركردنی پێ بدرێت و لە چوارچێوەی یاسا و بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرنەچێت. هەر حزب و گرووپێك لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی فەرمیی نەبێت، ئەوە قابیلی قبووڵ نییە و پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە. ناكرێت بە چەند كەسێك گرووپ و ڕێكخراوێكی سیاسی دروست بكەن و بە ئارەزووی خۆیان بێ ئەوەی گوێ بە یاسا و بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەن، كاری سیاسی و سەربازی بکەن. هەر بابەتێكی لەو شێوەیە دەرچوونە لە یاسا و، لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە، کە بە توندی قەدەغەیان بكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات.''
(نازم كەبیر) ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ''ئێمە، وەك لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان چەندین دۆسیەمان لەبەردەستدا هەیە، کە پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتبار دەکەن بە كوشتنی ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیلی هەرێمی كوردستان و، ئەو پارتە مەترسییە بۆسەر ژیان و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێم. هەرتاقم و گرووپێك ببێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە و دەستی لە كوشتن و برینداركردن و ئەشكەنجەدانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا هەبووبێت، نابێ لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان كار بكات و پێویستە دەربكرێت. نەك هەر دەركردن، بەڵكو دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و بدرێنە دادگا بۆ ئەوەی سزا بدرێن.''
kdp-
