گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەڵامی ئەكرەم كەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا دەداتەوە
ئەكرەم كەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند "سەرەڕای شكستهێنانی هەوڵ و پلانەكانیان كە زیان بە وڵات دەگەیێنن، هێشتا سیاسییە داعشییەكانی عێراق لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی عەرەبی و ئەمریكی كۆدەبنەوە. هاوكات پارێزگای هەولێریش بووەتە كارگەیەكی وێرانكردن لە عێراق و داعش بە ناونیشانی دیكە بارەگای لەنێو ئەو پارێزگایەدا هەیە".
لەبەرامبەردا سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دیارە ئەو بەڕێزە لە عێراق ناژی و هەرێمی کوردستانی نەبینوە، بۆیە بەو جۆرە قسەدەکات".
سەفین دزەیی گوتی "هەولێر باوەشی بۆ یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی عێراق کردووەتەوە، لەکاتێکدا پێویستبوو حکومەتی عێراق لەخۆیان بگرێ، لە هەرێمی کوردستاندا کەشوهەوایەکی ئازادانە هەیە، بەڵام هەرگیز رێگە بە تووندوتیژی نادرێت، چونکە خۆی قوربانی دەستی تووندڕەوییەوە و هەزار و 700 شەهید و نزیکەی 10 هەزار برینداری لە شەڕی دژ بە داعشدا بەخشیوە".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو قسانەی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا خیانەتن لە شەهیدان: "با لە قسەکانیان وردبنەوە و لەوەش تێبگەن کە ئێمە لەگەڵ تووندڕەوی نەبووین و ناشبین.
ئەکرەم کەعبی دامەزرێنەری بزووتنەوەی نوجەبا و هێزەکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە كە بەردەوام دژایەتی كورد و هەرێمی كوردستان دەكات. بزووتنەوەی نوجەبا لە ساڵی 2013 لە عێراق دامەزرێندراوە و ئەکرەم کەعبی خۆی سەرۆکایەتی دەکات. کەعبی دەڵێت "بزووتنەوەی نوجەبا لە ئەنجامی جیابوونەوە لە عەسائیبی ئەهلی حەق دروستنەبووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەگەڵیان یەکیان نەگرتووە و هەردوو گرووپیش پەیوەندییەکی بەهێزیان لەنێواندا هەیە".
ماڵپەڕی بزووتنەوەی نوجەبا لەبارەی هۆکاری دامەزراندنی بزووتنەوەكە نووسیویەتی "ئێمە یەکەی بەرگریی ئیسلامین لە عێراق و، ئامانجمان پارێزگاریکردن لە وڵات و پیرۆزییەکانمانە. بەتایبەتی لە عێراق و سووریا لە دژی شەڕانگێز و هێزە تەکفیرییەکان شەڕدەکەین".
جگە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، لیواکانی بزووتنەوەی نوجەبا لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژی سووریاش لەوانە دیمەشق و حەلەب جێگیركراون، چەکدارانی بزووتنەوەکە شیعەن و سەر بە چەند وڵاتێکی جیاوازی ناوچەکەن، هەروەها راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەندین جۆرە چەک پێکراوە.
باسنیوز
