"ئەڵمانیا چالاکیی پەکەکەی قەدەغە کرد؛ چاودێران..کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش دەبێت"

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییەکانی (پەکەکە)ی ڕاگەیاند و چاودێران دەڵێن، ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش دەبێت، بۆ ئەوەی چالاکیی (پەکەکە) قەدەغە بکەن.

رۆژی (2-3-2017)، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، (تۆماس دی میزیر)، بڕیارێکی دەرکردووە و بەسەر ویلایەتە فیدراڵەکانی ئەڵمانیا و دامودەزگا ئەمنییەکاندا گشتێنراوە. بڕیارەکە قەدەغەکردنی 33 ئاڵا و دروشمی تایبەت بە (پەکەکە) و ڕێکخراوەکانی سەر بەو پارتە دەگرێتەوە، کە بەپێی ڕۆژنامەکە، (یەپەگە) و (پەیەدە)شی گرتووەتەوە، چونکە ئەوانەش (پەکەکە)ن.

(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەدار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بڕیاری فەرمیی ئەڵمانیا ئەوەیە کە چالاکیی (پەکەکە) قەدەغە بکات، ئەمەش بڕیارێکی تازە نییە، بەڵام کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ئەورووپا دەبێت. ڕاستەوخۆ کار لەسەر (پەیەدە)ش دەکەن، چونکە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی (پەیەدە) لە (پەکەکە) جیا بکرێتەوە، دەنا چارەنووسیان وەک یەک دەبێت. بۆیە باوەڕم وایە، ئەمانە کاریگەرییان لەسەر ڕۆژئاواش دەبێت، چونکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان خەڵکێکی لیبراڵن، جیاوازن، نایانەوێت حزبێک بە تاک لایەن حوکمیان بکات، گەلێکی زیندوون و نایانەوێت چارەنووسیان نادیار بێت.''

(بەشیر حەمید شامۆ)، چاودێری سیاسی لە گرکێلەگێی حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە ئەگەری هەربڕیارێکی دژی (پەکەکە)دا، (پەیەدە)ش دەگرێتەوە، ئاخر خاڵی جیاکەرەوە لەنێوان (پەکەکە) و (پەیەدە)دا نییە، ئەوەی لە باکوور دەگوزەرێت، لە ڕۆژئاواش دەگوزەرێت، لە دامودەزگاکانی ڕۆژئاوادا لۆگۆی (پەکەکە) و (پەیەدە) و سەرکردەکانی (پەکەکە) هەڵواسراوە، تەنانەت لە هەندێک شوێن وێنەی (جەمیل بایک) و (دۆران کاڵکان)یان داناوە، ئاخر ئەوانە نەک لە باکووری کوردستان، لە قەندیلەوە گرفتیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش دروست کردووە، بۆیە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.''

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: ''بڕیارەکەی ئەڵمانیا، کاریگەریی لەسەر کاری هێزە چەکدارەکان و ئیدارەی (پەیەدە)ش دەبێت، بۆیە یان دەبێ ڕێککەوتنەکەی هەولێر جێبەجێ بکات، یان دەبێ تەحەمولی ئەو بڕیارانە بکات، کە بەهۆی سیاسەتێکی هەڵەوە ئەنجامیان داون.''
kdp-
Top