بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادە ھۆشبەرەکان لە سلێمانیدا زیادی کردووە

 بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادە ھۆشبەرەکان لە سلێمانیدا زیادی کردووە
بەڕێوەبەری نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادە ھۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووی لە ھەڵکشان کردووە.

عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند: "ھۆکاری سەرەکیی زیادبوونی بازرگانیکردن و بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان لە سنوورەکەدا، دەگەڕێتەوە بۆ کرانەوەی سنوورەکان بەڕووی وڵاتاندا، چونکە تەنیا لە مانگی یەکی ساڵی 2017دا، بڕی یەک ملیۆن حەبی ترامادۆل لەو سنوورە دەستی بەسەردا گیراوە".

گوتیشی: "من نایشارمەوە ھەر کەس پێی خۆشبێت، یان نا، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین کە ڕێژەی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادە ھۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووی لە ھەڵکشان کردووە، بەپێی ئەوەی بۆ ماوەی 14 ساڵە لەو بوارەدا کار دەکەم، بۆیە دەزانم کە بەکارھێنان و بازرگانیکردن بەو مادانەوە ڕووی لە زیادبوونە، نەک کەمبوون، بە تایبەت مادەی شیشە، زۆر بڵاوبووەتەوە".

بەڕێوەبەری نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "لە ساڵی 2012وە ھەستمان بە مەترسییەکانی مادەی شیشە کردبوو، بۆیە لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆ بووینەوە، چونکە دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە، ھەندێک مادە بخاتە ناو لیستی مادە ھۆشبەرەکان، بە ڕەزامەندی وەزیری تەندروستی و دادگا توانیمان مادەی شیشە بخەینە ڕیزی مادە ھۆشبەرەکان، دوای 2 ساڵ دادگای تەمیز ھاتە سەر ھێڵ و ئاماژەی بەوە کرد، کە لە دەسەڵاتی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا نییە بڕیار لەسەر ئەوە بدات و مادەی شیشە لە ڕیزی مادەی ھۆشبەر ھەژمار بکرێت، بۆیە دەبێت وەزیری تەندروستیی عێراق ئەو بڕیارە دەربکات، دواتر ئەو کەسانەی دەستگیر دەکران بە کەفالەت ئازاد دەکران".

عەمید جەلال ئەمین بەگ ھێما بۆ ئەوەش دەکات، کە بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادە ھۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئامارەکانی ساڵی 2016دا ڕێژەکە بە بەراوردی ساڵی 2015 زۆر زیادی کردووە.








باسنیوز
Top