جۆرج بۆش پشتگیریی دەوڵەتی کوردستان دەکات

 جۆرج بۆش پشتگیریی دەوڵەتی کوردستان دەکات
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ گەلی کوردستان و دەوڵەتی کوردستان راگەیاندووە.



رۆژین نزار عەزیز زێباری، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە و دانیشتووی شاری دالاسە لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، بۆ جاری سێیەم لەگەڵ جۆرج دەبلیو بۆش‌ی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کۆ بووەتەوە.



باوکی رۆژین بە بەختیار عزەت دەرگەڵەیی، چاودێری سیاسی گوتووە، کە جۆرج بۆش پشتگیریی خۆی بۆ دەوڵەتی کوردستان راگەیاندووە.



بەختیار عزەت دەرگەڵەیی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، باوکی رۆژین پێی گوتووە، لە دیدارەکەی کچەکەیدا، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا رایگەیاندووە، ”هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ یارمەتیدانی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان“.



لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج بۆش، کە ماوەی هەشت ساڵ (2001- 2009) سەرۆکی ژمارە 43ـی ئەمریکا بوو، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقی دا و لە ساڵی 2003 رژێمەکە رووخێندرا.



رووخاندنی رژێمی بەعس بە تەواوی لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بوو، چونکە مەترسیی رژێمی عێراق لەسەر باشووری کوردستانی نەما.



رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، کە سەرقافلەیان لە خراپەکارییدا رژێمی بەعس و سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمەکە بوو، بەردەوام بە ئاگر و ئاسن شەڕی گەلی کوردستانیان دەکرد و لە چەندین پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردندا، هەوڵی جینۆسایدکردنی گەلی باشووری کوردستانیان دا.




باسنیوز
Top