حوسێن قایدی: سێ کەسی دیکەی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار کران
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، (حوسێن قایدی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوێنێ سێ کەسی دیکە لە پارێزگای مووسڵ ڕزگار کران، کە دوو منداڵی تەمەن شەش ساڵ و چوار ساڵ و کچێکی ١٧ساڵ بوون و بە کەسوکاری خۆیان شاد بوونەتەوە.''
(حوسێن قایدی) گوتی، بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش و تا ئێستا دوو ھەزار و ٩١٨ کەس ڕزگار کراون.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێ: ''لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵەوە تا ئێستا ٨٠ کەس ڕزگار کراون، بەڵام ڕزگارکردنی ھەموویان لەڕێی نووسینگەکەی ئێمەوە بووە و ھیچ کامیان لەڕێی ھێزە عێراقییەکانەوە نەبووە.''
سەبارەت بەو منداڵانەی کە کوردی ئیزدین و (پەکەکە) ڕفاندوونی، (حوسێن قایدی) دەڵێ: ''هەوڵ دەدەین ئەوانیش لەژێر دەستی (پەکەکە) ڕزگار بکەین، چونکە نابێ منداڵ چەکدار بکرێت و ستەمی وا لە ئێزدییان بکرێت و منداڵەکانیان بخرێنە شەڕەوە؛ بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش، نابێ منداڵ چەکدار بکرێت و بڕفێندرێت، بۆیە ئێمەش ئەوە قبووڵ ناکەین.''
kdp-
