سەرکردەیەکی باکووری کوردستان داوا لە پەکەکە دەکات لە شنگال بکشێتەوە
بایرام بۆزیەل، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە تورکیا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، پەکەکە سیاسەتێکی چەوت بەڕێوە دەبات.
دوای رزگارکردنەوەی شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات شارەکە ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام هەروەک بایرام بۆزیەل رایگەیاندووە، پەکەکە بووەتە ڕێگر لەبەردەم ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە.
جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە تورکیا داوا لە بە پەکەکە دەکات شاری شنگال چۆڵ بکات و بگەڕێنەوە ”ئەو جێیەی لێیەوە هاتووە“ و چیتر ”ئاڵۆزی“ لە باشووری کوردستان دروست نەکات.
بایرام بۆزیەل پێیوایە پەکەکە لە شنگال بەهانە دەداتە دەست ”وڵاتانی دیکە“ تا دەست لە کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان وەربدەن دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.
ئەو سەرکردەیەی کورد لە باکووری کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان ”سیاسەتێکی هەڵە بەڕێوە دەبات و دەیەوێ خۆی بەسەر هەموو لایەنەکاندا بسەپێنێت“.
هەروەک بۆزیەل رایگەیاندووە، پەکەکە دژی بۆچوون و هەوڵە نەتەوەییەکانە و هەموو لایەنەکان رەت دەکاتەوە و رێگا نادات حزب و لایەنەکانی دیکە خەبات بکەن و ئەندام و سەرکردەکانیان دەستگیر دەکات.
جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە تورکیا پێشیوایە لە کاتێکدا پەکەکە پەیوەندیی بە رژێمی بەعسی سووریاوە هەیە و لەگەڵ عەرەبەکان رێک دەکەوێت، رێ نادات هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە و بەرگریی لەو بەشەی کوردستان بکات.
بایرام بۆزیەل پێشوازیکردنی سەرۆک وڵاتان لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وڵاتێکی سەربەخۆ بە مایەی شانازی و دڵخۆشیی بۆ گەلی کوردستان دادەنێت.
هەروەک ئەو سەرکردەیە رایگەیاندووە، ”سیاسەتی حەکیمانەی“ مەسعود بارزانی گرنگییەکی زۆری لە سیاسەتی جیهانیدا هەیە و هیواداریشە لە سایەی سەرۆکایەتیی بارزانیدا، ” کوردستان بە مافی ڕەوای سەربەخۆیی بگات و دۆزی کورد لە ھەرچوار پارچەی کوردستاندا بەرەو پێشەوە بڕوات“.
باسنیوز
