جەودەت نەجاڕ: لە ١٩٩٤وە تا ئەمڕۆ پەکەکە لە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێم کار دەکات

جەودەت نەجاڕ: لە ١٩٩٤وە تا ئەمڕۆ پەکەکە لە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێم کار دەکات
(جەودەت نەجاڕ)، ئەندامی سەربەخۆی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، (پەكەكە) هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكات، كە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدات. (پەكەكە) بۆ ئەوە دروست بووە تا گەلی كورد بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی نەگات. لە ساڵی 1994ەوە تا ئەمڕۆ (پەكەكە) دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان كار دەكات.

(جەودەت نەجاڕ)، ئەندامی سەربەخۆی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''(پەكەكە) هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكات، كە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدات و حاڵەتێكی نایاسایی و دروستكراوی هەندێك وڵاتی ناوچەكە لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكات. پاش خوێندنەوەی مێژووی (پەكەكە) بۆمان دەركەوتووە، ئەو ڕێكخراوەیە بۆ ئەوە دروست بووە تا نەیەڵێت گەلی كورد بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات. لە ساڵی 1991ەوە لە هەرێمی كوردستان كیانێكی سیاسی دروست بووە، كورد بە هەموو پێكهاتەكانییەوە توانیویەتی كوردستانێكی نموونە دابمەزرێنێت، بەڵام هەر لە ساڵی 1994ەوە تا ئەمڕۆ هەڕەشەكانی (پەكەكە) لەسەر ئەو ئەزموونە دیارە و، ئەوە جاری یەكەم نییە و جاری كۆتاییش نابێت، چونكە (پەكەكە) بە ئەجێندای دەرەكی ئەو كارە دەكات.''

(جەودەت نەجاڕ) گوتیشی: ''بەداخەوە (پەكەكە) ئەمڕۆ خۆ بە حزبێكی كوردی دادەنێت، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی ئێمە، خۆی بەسەر هەرچوار پارچەی كوردستاندا سەپاندووە، بۆ ئەوەی لایەنەكان كاری خۆیان نەکەن، پێش ماوەیەك لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات شەڕی لەگەڵ پێشمەرگەكانی ئەو بەشەی کوردستان كرد، ئێستا لە خانەسۆر شەڕ دەكات، هەر ڕۆژە و لە شوێنێكە. (پەكەكە) ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكات، ئەمڕۆ ڕێکخراوێکی عێراقییە و لەلایەن حەشدی شەعبیەوە دەجووڵێنرێت، یان لەلایەن دەسەلاتدارانی عێراقەوە، بەتایبەتی لەلایەن حزبی (دەعوە)وە. (پەکەکە) دوو مەبەستی هەیە؛ یەكەم بۆ لێدانی ئەزموونی كوردی لە هەرێمی كوردستان، دووەمیش بۆ دروستكردنی دژایەتیی نێوخۆی کوردستان، بەتایبەتی داپچڕاندنی ئەو ناوچە گرینگە، كە ناوچەی شنگالە و، چەندین ساڵە خەڵكی كوردستان خوێنی بۆ دەڕێژێت، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ (پەكەكە) بە هەنگاوێكی ناتەندروست و بە فیتی بێگانە هەوڵ دەدات، بشێوی لەو ناوچەیەدا دروست بكات و باس لەوە دەكەن كە لێ ناگەڕێن بە هەرێمی كوردستانەوە بلکێت و شنگال دەكەنەوە بە پارچەیەك لە عێراق.''
kdp-
Top