بارزانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەزگای شا سەلمانی سعوودیە کۆ بووەوە
لە دیدارەكەدا سەرپەرشتیاری دەزگەی شا سەلمانی سعوودیە سڵاو و ڕێزی پاشای سعوودیەی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند، هەروەها وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان هەبوو لە یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی تیرۆر و سوپاسی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم، هەروەها ڕێكخراوەكانی كوردستان و بەتایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانیی نەمری كرد كە یارمەتی و هاوكاریی بەرچاویان پێشكەش بە ئاوارەكان كردووە.
ئەوەشی ڕاگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی بتوانن لە كاری خێرخوازی و مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكان بەشدار بن و وڵاتەكەشی حەز بە گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی دەكات بۆ ناوچەكە دەکات.
لە بەرانبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی پاشای سعوودیەی كرد و دەستخۆشی لە كار و چالاكییە مرۆییەكانی دەزگای شا سەلمان كرد و ئەوەشی خستەڕوو كە سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی ئابووری و تەحەددیاتی زۆر هەرێمی كوردستان میوانداریی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی كردووە.
لە درێژەی وتەكەیدا بارزانی باسی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان گەلی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە لە ڕاپەڕینی 1991ـدا گەلی كوردستان هەرچەندە جینۆساید و ئەنفال كرا بوو، بەڵام لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ عێراقدا دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد و ئەو بابەتە فەرهەنگی لێبوردەیی پێكەوەژیانی لە كوردستان قووڵتر كرد.
