بارزانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەزگای شا سەلمانی سعوودیە کۆ بووەوە

 بارزانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەزگای شا سەلمانی سعوودیە کۆ بووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 3ـی 2017 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. (عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز بن محەمەد ئەلرەبیعه) ڕاوێژكار لە دیوانی پاشایەتیی شانشینی سعوودیە و سەرپەرشتیاری گشتیی دەزگای شا سەلمان بۆ هاوكاریی مرۆیی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرپەرشتیاری دەزگەی شا سەلمانی سعوودیە سڵاو و ڕێزی پاشای سعوودیەی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند، هەروەها وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان هەبوو لە یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی تیرۆر و سوپاسی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم، هەروەها ڕێكخراوەكانی كوردستان و بەتایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانیی نەمری كرد كە یارمەتی و هاوكاریی بەرچاویان پێشكەش بە ئاوارەكان كردووە.

ئەوەشی ڕاگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی بتوانن لە كاری خێرخوازی و مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكان بەشدار بن و وڵاتەكەشی حەز بە گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی دەكات بۆ ناوچەكە دەکات.

لە بەرانبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی پاشای سعوودیەی كرد و دەستخۆشی لە كار و چالاكییە مرۆییەكانی دەزگای شا سەلمان كرد و ئەوەشی خستەڕوو كە سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی ئابووری و تەحەددیاتی زۆر هەرێمی كوردستان میوانداریی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی كردووە.

لە درێژەی وتەكەیدا بارزانی باسی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان گەلی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە لە ڕاپەڕینی 1991ـدا گەلی كوردستان هەرچەندە جینۆساید و ئەنفال كرا بوو، بەڵام لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ عێراقدا دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد و ئەو بابەتە فەرهەنگی لێبوردەیی پێكەوەژیانی لە كوردستان قووڵتر كرد.
Top