بەرپرسێکی یەکێتی لە هەولێر: تا بودجە زۆر بوو هەموو لایەنەکان شەڕیان لەسەر دەکرد

 بەرپرسێکی یەکێتی لە هەولێر: تا بودجە زۆر بوو هەموو لایەنەکان شەڕیان لەسەر دەکرد
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، داوا لە حزبەکەی دەکات، بەرپرسیارێتیی بارودۆخەکە لە ئەستۆ بگرێت و لەم قۆناغەدا گۆڕەپانەکە چۆڵ نەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19\9\2016، ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە وتارێکیدا بە ناوی (کشانەوە لە حکوومەتی هەرێم) نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە داوە: ”دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە“. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ”تا بودجە و پلە و پۆست زۆر بوو، هەموو لایەک هەوڵ و تەقەڵای وەرگرتنی دەکرد، بگرە شەڕیشی لەسەر دەکرد، ئەی بۆ ئەمڕۆ داوای کشانەوە دەکەن؟“.

داواشی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، ”لە سەنگەری پێشەوەی بەرپرسیارێتیدا بێت، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری قەیرانەکان“. دەشڵێت: ”ڕاستە گرفتمان هەیە، بەڵام قەت وا ڕانەهاتووین ڕەفیقەکانمان لە نیوەی ڕێگا جێ بهێڵین“.

ڕێباز بێرکۆتی لە نووسینەکەیدا ئەوەی ڕوون کردووەتەوە، پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دوو حزبی هاوپەیمانن و پێکەوەش ”شان دەدەینە بەر بەرپرسیارێتیی مێژوویی“. دڵنیاشە لەوەی بە هەوڵی هەموو لایەک، لە ماوەیەکی نزیکدا ”ئەم قەیران و گرفتانە چارەسەر دەبن“. ئەوەش ناشارێتەوە: ”ئەوانەی ئێستا گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن، جارێکی تر سەری مەیدانمان لێ نەگرنەوە بۆ پلە و پۆست و میزانیەی حزبەکانیان“.










باسنیوز
Top