فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی رۆتێردامدا نمایش دەکرێت

 فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی رۆتێردامدا نمایش دەکرێت
کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرهێنانی شوان عەتووف، سینەماکاری کورد، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کامێرای عەرەبی"ی رۆتێردام نمایش دەکرێت.

کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" My Father’s Garden لە نووسین و دەرهێنانی شوان عەتووف، سینەماکاری کورد، بە تیشک خستنەسەر شێعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی "کورتە فیلمەکان" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کامیرای عەرەبی"ی رۆتێردام لە وڵاتی هۆڵەندا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فێستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشیڕکێ و دەرەوەی پێشبڕکێ لە ڕۆژانی 29ی سێپتەمبەر تا 2ی ئۆکتۆبەری 2016 لە شاری ڕۆتێردام لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوە دەچێت.

"باخەکەی باوکم" کە بە سپۆنسەریی سەرەکیی هۆتێل "ڕامادا" لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان ساز کراوە و لە ڕێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ فیلم" لە ئاستی جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆهر" Muhr Gulf Short لە میانەی دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دوبەی لە وڵاتی ئیمارات، هەروەها لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "کۆتایی تەکساس" TEXAS ULTIMATE لە ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کراوە.

ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لەو فێستیڤاڵانەی جیهان کە کورتە فیلمە سەرکەوتووەکان بە ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار دەناسێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە 13 خولەکییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قووڵایی گۆڕەپان" DEPTH OF FILD لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا.

ستافی ئامادەکردنی کورتە فیلمى "باخەکەى باوکم" بریتین لە:

نووسین و دەرهێنان: شوان عەتووف، نواندن: شانۆ عومەر، کامەران مەنسوور، بەهائەدین عزەبانى و شاڵاو جەمال، فۆتۆ گرافەر: هەرێم جەمال، بەڕێوەبەریی بەرهەم: ئازاد پێنجوێنى، ڕووناکى: دانا جەمال، دەنگ: کاسیان عەلى، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانى، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: هەردى سەلامى، مونتاژ و پاش بەرهەمهێنان (ئاى لۆڤ فیلم): دانەر عومەر، یاریدەدەریى دەرهێنەر: ئەژین کاوە و بڕیار بەختیار، بەرهەمهێنەر: شوان عەتووف و نزار سەلامى، کۆمپانیاى جێی بەجێی کار: گرافیکا بلو، کۆمپانیاى دابەشکردن: ئاى لۆڤ فیلم و سپۆنسەریى سەرەکیى: هۆتێل ڕامادا.










Top