سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا کرد
ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی 9ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تۆنی بلینكێن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ ستێڤن داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كێن گڕووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سڵاوی سەرۆك ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵ و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كرد و پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكان لە دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو و ڕاشیگەیاند بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگە پێشكەوتنی بەرچاو لە شەڕی دژی داعش بەدەست هاتووە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك ئۆباما و گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە و هیوای ئەوەیشی خواست كە بە هاوكاری و كاری هاوبەشی هەردوولا سەركەوتنی گەورەتر لەدژی تیرۆریستان بەدەست بهێندرێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەكارییەكان و پلانی سەربازی بۆ ئازادكردنی مووسڵ و هەماهەنگی نێوان هێزە بەشداربووەكان كرایەوە و سەرۆك بارزانی باسی لە بایەخی بوونی پلانی سیاسیی بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ كردەوە ئەویش لەپێناو ڕێگەگرتن لە قووڵتربوونی كێشەكان و پاراستن و پێدانی دڵنیایی بە پێكهاتەكان بە تایبەت مەسیحی و ئێزییدییەكانی پارێزگای نەینەوا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان وێڕای جەختكردنەوە لە ڕۆڵ و پێگەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵ، پلان و ستراتیژیی سەربازی و سیاسیی ئەمەریكای لە دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و سەرۆك بارزانیش تێبینی و ئامۆژگاریی خۆی لەمەڕ پلانە سیاسی و سەربازییەكان بۆ شاندی میوان باس كرد.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر بەردەوامیی گوشارهێنان بۆسەر تیرۆریستان هاوڕا بوون و و هەماهەنگی و ڕاوێژی بەردەوامی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هاوپەیمانان دووپات كرایەوە.
KDP-
