شارەزایەکی سیاسەتی ئەمەریکا: ئەمەریکا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە رۆڵی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا

 	 شارەزایەکی سیاسەتی ئەمەریکا: ئەمەریکا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە رۆڵی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا
شارەزا لە سیاسەتی ئەمەریکا کاروخ خۆشناو دەڵێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی ئیجابی هەبووە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و، توانیویەتی پێگەی سەربازی كورد لە جیهاندا بەرزبكاتەوە، بۆیە ئەمەریكا و هاوپەیمانان بە گرینگییەوە دەڕواننە رۆڵ و پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لەداهاتووشدا کە هەمان رۆڵی دەبێ لە ناوچەكەدا.

(كارۆخ خۆشناو) شارەزا لە سیاسەتی ئەمریكا لەبارەی سەردانی شاندی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند" سەردانی شاندی باڵای ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان لەم كاتەدا گرینگی خۆی هەیە، چونكە گرتنەوەی مووسڵ بۆ سەرۆک ئۆباما گرینگە و ئێستا داعش بەرەو لەناوچوونە و هەنگاوی باش نراون بۆ لەناوبردنی داعش، هەڵبژاردنی ئەمەریكاش نزیكبووتەوە هەرچوونێكبێ گرتنەوەی مووسڵ گرینگی خۆی هەیە بۆ ئیدارەی ئەمریكا و باراك ئۆباما؛ سەردانی شاندی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوەوە هاتووە پێشمەرگە رۆڵی بەرچاوی بینیوە لە تێكشكاندنی چەكدارانی داعش و ئێستا هێزی پێشمەرگە ژمارەیەكی گەورەیە لە ناوچەكەدا.

لەبارەی گرتنەوەی مووسڵ و رۆڵی كورد لەو پڕۆسەیەدا خۆشناو دەڵێ" پێویستە سەركردایەتی كورد بەشداری شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا بكات، بەڵام بەڕێكەوتن كورد واباشترە لەگەڵ سوننەدا رێكکەوێت لەبەرانبەر بەشداری پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵدا و عەرەبی سوننە ددان بە جیۆگرافیای هەرێمی كوردستاندا بنێن لەڕووی سیاسییەوە، قۆناغی دوای گرتنەوەی مووسڵ بۆ كورد و هەرێمی كوردستان زۆر گرنیگە کە چۆن ئەو ناوچەیە ئیدارەكەی بەڕێوە دەبرێت.

ئاماژەیشی دا" ئەمەریكا هەمیشە ویستوویەتی نێوەندگیری نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بكات بۆ چارەكردنی كێشەكانیان، لەبەر ئەوەی لای هەموومان روونە ماوەی دووساڵە عێراق پابەندی ناردنی شایستە دارایەكانی هەرێمی كوردستان نییە و ئەمەریكا بە رێكکەوتنی هەردوولا خۆشحاڵە و پشتگیری لێك نزیكبوونەوەش لە هەولێر و بەغدا دەكات.

گوتیشی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی ئیجابی هەبووە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و توانیویەتی پێگەی سەربازی كورد لە جیهاندا بەرزبكاتەوە، بۆیە ئەمەریكا و هاوپەیمانان بە گرینگییەوە دەڕواننە رۆڵ و پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و کە لەداهاتووشدا هەمان رۆڵی دەبێ لە ناوچەكەدا.

هەر پێوەست بەم پرسە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ھاتنی ئەو دوو بەرپرسەی ئەمەریکا و بەرپرسانی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھێمایەکی باشە کە شتێک نەماوە بەناوی عێراقی یەکگرتوو؛ ئەو بەرپرسانە دەزانن ھیچ پێوەندییەک لە نێوان ھەرێم و بەغدا نەماوە، بۆیە ھەر مەسجێکیان بۆ شەڕی داعش یاخود ھەر پلانێک ھەبێت سەردانی هەولێر و بەغدا دەکەن.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)ڕوونیشی کردەوە، ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا لەگەڵ عێراقییەکان لەبەغدا باسیان لەوەکردووە شێوازی حوکمڕانی دەگۆڕدرێ و ئاماژەیەکە کە خەڵکی ناوچەکە خۆی ئیدارەی خۆی دەکات، ئیتر ھەمان حوکمڕانی مەرکەزی بەغدا دووبارە نابێتەوە .

جەختیشی کردەوە، ئەو بۆچوونە پشتگیریەکە بۆ پڕۆژەکەی سەرۆک بارزانی کە داوای کردووە پێویستە ئیدارەی ناوچەی مووسڵ بگۆڕدرێ و خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
KDP-
Top