شاخەوان عەبدوڵا: لە شاری كەركووك هەندێك كەس خەریكی فیتنەن
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وتارێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەنووسێت: "دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی وردم كرد، بۆم دەركەوت بە پێی نووسراوێكی كۆمپانیای نەوتی باكوور كە لە 22\8\2016، دەرچووە ڕۆژانە 105000، بەرمیل نەوتی كەركووك لە دەرەوەی بۆری و ڕێككەوتنی نەوت لەگەڵ بەغدا بە تانكەر لەو شارە دەرچووە، جگە لە 30 هەزاری كە بۆ پاڵاوگەی كەركووك بەكاردێت، ئەوانی تر نە خەڵكی كەركووك لە پترۆدۆلارەكەی و نە خەڵكی كوردستان وەك سەرچاوەیەكی داهات سوودیان لێ نەبینیووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەش دەڵێت: "ئەو تانكەرانەش بۆ كۆمپانیایەك لە سلێمانی و بڕی 30 هەزاری بۆ ئێران و 25 هەزاری بۆ عێراق، كە بۆ وێستگەی كارەبای قودس ڕۆیشتووە، تەنها یەك فلسی لێ نەخراوەتە سەر داهاتی هەرێم بۆ ئەوەی هاوكاری حكوومەت بێت بۆ پێدانی مووچە، تەنها داهاتی بۆری كە تا ئێستا بڕی 50 ملێون دۆلار دراوە بە كەركووك وەك پەترۆدۆلار، بۆیە بۆم دەركەوت هەندێ كەس ناڵێم لایەنێك، لەو بابەتەوە گلاون".
شاخەوان عەبدوڵا، لەو نووسینەی، ئاماژە بەوەش دەدات: "ئەو كەسانە ئەمڕۆ لە نێوان خەڵكی كەركووك و حزب لایەنە سیاسییەكان، بە دوای فتنە و ئاژاوەن، تەنانەت لە نێوان هێزی پێشمەرگە قارەمانەكانیش لە كەركووك بە دوای دوو بەرەكی دەگەڕێن، لە ماوەی ڕابردوو ئەوەی لەدەرەوەی وڵات یان دەرەوەی كەركووك دەژین، زیاتر هەوڵی تێكدانی برایەتی نێوان خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كەركووك دەدەن".
باسنيوز
