نازم کەبیر: دەستێک لە پشتی ورژاندنی مەلەفی کەرکووکە

 	 نازم کەبیر: دەستێک لە پشتی ورژاندنی مەلەفی کەرکووکە
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دەستێک دەیەوێ مەلەفی کەرکووک بورژێنێ و هەندێ لایەن و دەزگایش بەبێ هیچ بوونی کێشەیەک لە نەوتی کەرکووک، دەیانەوێ کێشە بنێنەوە.

(نازم كەبیر) جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند" دەستێک لەپشتی ورژاندنی مەلەفی کەرکووک هەیە و پیلانی پێشوەختەیان داڕشتووە کە هەرجارە و بە مەبەستێک باس لە نەوتی کەرکووک دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەک لەنەوتی کەرکووک هەبێ، هەندێ مێدیایش ئەم پرسە دەورژێنن و دەیانەوێ کێشە دروست بکەن.

نازم کەبیر ئاماژەیشی دا، بەدواداچوونیان کردووە بۆ زانینی ئەو دەنگۆیەی کە هێزێکی سەربازی بەرەو کەرکووک جوڵێندراوە لە ئاکامدا دەرکەوتووە هیچ راستییەک لەو دەنگۆیەدا نییە و، هیچ هێزێکیش بۆ کەرکووک جوڵەی پێنەکراوە.

گوتیشی، ئەو هێزانەی ئەرکی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان دەگرنە ئەستۆ، چەند لیوایەکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و وەزارەتی ناوخۆیش سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پارتی و یەکێتی و هەندێ لایەنی دیکەیش لەو حکوومەتەدا هاوبەش و شەریکن؛ ئەگەر دەستێک لەپشتی ئەو ورژاندنە نەبێ و بە ئەنقەست تۆمەت نەبەخشێتەوە ئەی بۆچی ناوی پارتی بە تەنیا دێ؟ بۆچی ناڵێن هێزی حکوومەت؟ کە لەراستیدا هیچ هێزێکیش جوڵەی پێنەکراوە.
PDK_
Top