شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە چەند داواکارییەکیان لە فینلەندا کردووە

شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە چەند داواکارییەکیان لە فینلەندا کردووە
ئەندامێكی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە فیلەندا رایگەیاند"داوای چارەسەرکردنی بریندارەکانی پێشمەرگەمان کردووە لەو وڵاتە و داواشمان کردووە لە دوای شەڕی داعش لە هەرێمی کوردستان نەکشێنەوە".

عەمید روکن هەژار ئەندامی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە ولاتی فینلەندا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:"ئەمڕۆ سێشەممە 13-9-2016 لە پەرلەمانی فینلەندا لەگەڵ مستەر ئاموری پیكارین جێگری سەرۆكی پەرلەمانی فیلەندا، لیژنەكانی بەرگری و دەرەوەی پەرلەمانی فینلەندا كۆبووینەوە. گفتوگۆ لەبارەی پێشمەرگە و شەڕی بەرگری دژی داعش و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو لایەنكرا."

عەمید روکن هەژار گوتی:"سوپاسی فینلەندامانكرد لەسەر ناردنی تیم و هاوكارییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. هەروەها داوای هاوكاریی زیاتری سەربازی و لۆجستی و چارەسەری پێشمەرگە بریندارەكانمان لە فینلەندا كرد. گوتیشمان ئەگەر بكرێت نەخۆشخانەی سەربازی گواستراوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دابین بكەن و ژمارەی راوێژكارە سەربازییەكانیان لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكرێت و دوای نەمانی داعشیش لە هەرێمی کوردستان نەکشێنەوە و بمێننەوە."

عەمید روکن هەژار گوتیشی:" لیژنەكانی بەرگری و پەیوەندیەكانی دەرەوە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی فینلەندا سوپاسی هەرێمی كوردستانیان كرد و بەڵێنی ئەوەیاندا كار لەسەر ئەو داواکاری و پێشنیازانەمان بکەن."

ئەو ئەندامەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە وڵاتی فیلەندا، سەبارەت بە دیدارەکانی داهاتوویان لەو وڵاتە، گوتی:" بەیانی چوارشەممە 14-9-2016 بڕیارە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، وەزارەتی دەرەو و وەزارەتی بەرگری فینلەندا و پارتی سۆسیالیستی فینلەندا كۆببینەوە، پارتی سۆسیالیست لە فینلەندا چەندین پۆستیان لەنێو حكومەتی ئەو وڵاتەدا هەیە. بڕیاریشە سەردانی كارگەیەكی دروستكرنی تانك بكەین."


شاندێکی وەزارەتی پیشمەرگەی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 12-9-2016 گەیشتنە فینلەندا و رۆژی سێشەممە 13-9-2016 یەکەم کۆبوونەوەیان لە پەرلەمانی فینلەندا ئەنجامدا.

سەردانەكەیان فەرمییە و سێ رۆژ دەخایێنێت. ئەندامانی شاندەکە پێكهاتوون لە"کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، محەممەدی حاجی مەحموود، جەعفەر شێخ مستەفا، سیروان بارزانی، فەریق شێروان و عەمید روکن هەژار".
Rudaw_
Top