رووسیا لەبارەی یەپەگەوە پەیامێک ئاراستەی سوپای ئازاد دەکات

رووسیا لەبارەی یەپەگەوە پەیامێک ئاراستەی سوپای ئازاد دەکات
حکوومەتی رووسیا لەبارەی شەڕی دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، پەیامێک ئاراستەی سوپای ئازادی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات.



لە بەیاننامەیەکدا، رۆژی دووشەممە 12ـی ئەیلوولی 2016 وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، کە سەرەڕای ئاگربەست، فڕۆکە جەنگییەکانیان لە بۆردومان کردنی بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش و بەرەی فەتحول شام بەردەوام دەبن.



وەزارەتی بەرگریی رووسیا پەیامێکیشی بۆ سوپای ئازاد ناردووە و تێیدا داوای لێدەکات شەڕی دژی یەپەگە رابگرێت.



رۆژی دووشەممە 12ـی ئەیلوولی 2016، ئاگربەستەکە، چووە بواری جێبەجێکردن، کە رژێمی سووریاش رەزامەندیی و پابەندبوونی خۆی پێوە راگەیاندووە و ئۆپۆزیسیۆنیش رازی بووە.



ئاگربەستەکە پێشڕەویی و شەڕ لە هەردوو لایەن (ئۆپۆزیسیۆن و رژێم) رادەگرێت، تەنیا بۆردومانکردنی بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش و بەرەی فەتحی شام (کە پێشتر ناوی بەرەی نوسڕەی سەر بە رێکخراوی توندڕەوی قاعیدە بوو) ناگرێتەوە.



هاوکات لە بەیاننامەیەکدا، سەرکردایەتیی گشتیی یەپەگە پێشوازیی لە ئاگربەستەکە کرد و پابەندبوونی خۆیان بە راگرتنی شەڕ راگەیاند.



وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە مانگی ئەیلولی 2015 رایگەیاند، کە بە مەبەستی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی داعش، سوپای رووسیا بەشداریی شەڕ لە سووریا دەکات، بەڵام هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێیانوایە، فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان تەنیا بنکە و بارەگاکانی نەیارانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
Bas News _
Top