15 ساڵ بە سەر هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر تێدەپەڕێت
دوای 15 ساڵ لە هێرشەكانی سەر دوو گەورە تاوەری ئەمریكا، كۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پرۆژەی جاستایە، بەپێی پرۆژەکە کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەتوانن داوای یاسایی دژی حکومەتی سعودیە تۆماربکەن.
سەرۆکی کۆمیتەی دادوەریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند "ناتوانین رێگە بدەین ئەوانەی کە ئەمریکییەکان بریندار دەکەن و دەکوژن، خۆیان لە پشتی خاڵە لاوازە یاساییەکانەوە بشارنەوە".
کۆشکی سپی: ئۆباما پرۆژەیاسای جاستا ڤیتۆ دەکات
لە نزیکبوونەوەی 15هەمین ساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای جاستا کە مەبەست لێی (یاسای دادوەریی لە دژی سپۆنسەرەکانی تیرۆر)ـە پەسەند دەکات. بەگوێرەی پرۆژەیاساکە قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر مافی ئەوەیان دەبێت لە دژی حکومەتی سعودیە داوای یاسایی تۆمار بکەن.
هەرچەندە سعودیە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو یاسایە لە بەرژەوەندیی سعودیەدا نابێت، چونکە بە گوێرەی جاستا (یاسای دادوەریی لە دژی سپۆنسەرەکانی تیرۆر)، حکومەتی سعودیە وەک سپۆنسەرێکی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر دەردەکەوێت و پێویستە بەرپرسیارێتیی بکەوێتە ئەستۆ. ئەوەش بەشێکی لەبەرئەوەیە کە 15 لە 19 هێرشبەرەکانی 11ی سێپتەمبەر سعودیی بوون.
جاستا پێشتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسندکرا بوو و ئێستاش لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکرا، بەڵام بۆ ئەوەی هێزی جێبەجێکاریی یاسایی هەبێت، پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە، کە باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دژی ئەم پڕۆژەیاسایە دەنگدەدات و ڤیتۆی دەکات، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەم پرۆژەیاسایە ئەمریکییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەخاتە مەترسیی لێپێچینەوەی یاسایی.
ئیدارەی ئۆباما رایگەیاندووە، ئەگەر هاووڵاتیانی ئەمریکی بتوانن سعودیە راپێچی دادگا بکەن، کەواتە وڵاتێکی بیانیش دەتوانێت بەرامبەر بە ئەمریکا کاری هاوشێوە بکات و ئەمریکا راپێچی دادگا بکات.
سعودیە ئەو پرۆژەیاسایەی بە پێشێلکردنی مافی پارێزبەندیی دەوڵەتان لەقەڵەمداوە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە لە کاتی دەرچوواندنی ئەم یاسایەدا، سەرچاوە داراییەکانی خۆی لە ئەمریکا دەکێشێنێتەوە، کە سعودیە بە بەهای چەندین ملیارد دۆلار لە ئەمریکا سەرمایەگوزاریی کردووە.
rudaw
