سلێمانی.. جەژنانە بەسەر 500 خێزانی كەمدەرامەتدا دابەش دەكات

 سلێمانی.. جەژنانە بەسەر 500 خێزانی كەمدەرامەتدا دابەش دەكات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، لەسەر ئەركی خۆی دەستی کرد بە دابەشكردنی پارسێلیی وشكەخۆراكی 30 كیلۆگرامی بەسەر 500 خێزانی هەژار و كەمدەرامەتی گەڕەكەكانی شاری سلێمانی و دەوروبەری.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 11/9/2016 لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر خانەوادەی هەژار و كەمدەرامەتەكانی هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، لەسەر ئەركی خۆی پڕۆژەی هاوكاریكردنی خێزانی هەژار و‌ كەمدەرامەتەكانی دەست پێ كرد.

لە چالاكییەكی دیكەدا لە شاری سلێمانی 500 پارسێلی خۆراك بەسەر 500 خێزانی هەژار و كەمدەرامەتی ژمارەیەك گەڕەكی ناوشاری سلێمانی و دەوروبەریدا دابەش دەكات، بۆ هەر خێزانێكیش 30 كیلۆ كە لە برنج، ساوار، زەیت، دۆشاوی تەماتە، خوێ، شەكر، فاسۆلیا، چا، رشتە، شیر، نۆك و سریلاك)‌ پێكهاتبووە.

لەو بارەیەوە، مووسا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: "لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان بە پێویستمان زانی هاوكاریی خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكانی ناوخۆی كوردستان بكەین، ئەویش وەك جەژنانەیەك دەبێت بۆیان و كەلێنێك لە پێداویستی خۆراكیان بۆ پڕ دەكەینەوە".

هاوكات جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "ئەمە پڕۆژەیەكی گرنگە، سەرەتا لەشاری هەولێر دەستی پێكردو تێدا 700 خێزانی هەژار هاوكاری كران".








باسنيوز
Top