سلێمانی.. جەژنانە بەسەر 500 خێزانی كەمدەرامەتدا دابەش دەكات
ئەمڕۆ یەكشەممە، 11/9/2016 لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر خانەوادەی هەژار و كەمدەرامەتەكانی هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، لەسەر ئەركی خۆی پڕۆژەی هاوكاریكردنی خێزانی هەژار و كەمدەرامەتەكانی دەست پێ كرد.
لە چالاكییەكی دیكەدا لە شاری سلێمانی 500 پارسێلی خۆراك بەسەر 500 خێزانی هەژار و كەمدەرامەتی ژمارەیەك گەڕەكی ناوشاری سلێمانی و دەوروبەریدا دابەش دەكات، بۆ هەر خێزانێكیش 30 كیلۆ كە لە برنج، ساوار، زەیت، دۆشاوی تەماتە، خوێ، شەكر، فاسۆلیا، چا، رشتە، شیر، نۆك و سریلاك) پێكهاتبووە.
لەو بارەیەوە، مووسا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: "لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان بە پێویستمان زانی هاوكاریی خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكانی ناوخۆی كوردستان بكەین، ئەویش وەك جەژنانەیەك دەبێت بۆیان و كەلێنێك لە پێداویستی خۆراكیان بۆ پڕ دەكەینەوە".
هاوكات جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "ئەمە پڕۆژەیەكی گرنگە، سەرەتا لەشاری هەولێر دەستی پێكردو تێدا 700 خێزانی هەژار هاوكاری كران".
باسنيوز
