سەرۆك بارزانی داوای لە تورکیا کرد رێگا بە سەردانی کەسوکارەکەی بدەن“
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 11ـی ئەیلوولی 2016، محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری پەکەکە بۆ سەردانی براکەی لە زیندانی ئیمڕالی، بەرەو دوورگەکە بەڕێ کەوت.
محەمەد ئۆجەلان سەردانی فەرماندەیی جەندرمەی شارۆچکەی گەملکی سەر بە شاری بورسای کرد و بڕیارە دوای تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکان، بەرەو زیندانی ئیمڕالی بچێت.
رۆژی شەممە 10ـی ئەیلوولی 2016، عوسمان ئۆجەلان، برای رێبەری پەکەکە بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاند، کە لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای دووبارە دەست پێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور و تورکیا کرد و ”تورکیاش لەژێر داخوازییەکانی بارزانی رێگای بە کەسوکاری ئۆجەلان داوە، کە بۆ جەژنی قوربان سەردانی ئیمرالی بکەن“.
رۆژی شەممە 10ـی ئەیلوول، حکوومەتی تورکیا رایگەیاند، کە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، بڕیاری داوە رێگا بە کەسوکاری ئۆجەلان بدەن سەردانی بکەن.
ئەم بڕیارەی حکوومەتی تورکیا لە کاتێک دایە، کە زیاتر لە ساڵێکە حکوومەت رێگای بە کەسوکار، پارێزەرەکانی و شاندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نەدابوو سەردانی رێبەری پەکەکە بکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رۆژی 15ـی شوباتی 1999، دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە وڵاتی کینیاوە عەبدوڵلا ئۆجەلانی دەستگیر کرد، دواتر دادگای تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند و گوێزرایەوە زیندانێک لە دوورگەی ئیمڕالی.
باسنیوز
