وردەكاری رووداوەكەی رانیە؛ ژمارەیەك ئەفسەر و پۆلیس دەستبەسەركراون

وردەكاری رووداوەكەی رانیە؛ ژمارەیەك ئەفسەر و پۆلیس دەستبەسەركراون
برای ئەو هاونیشتمانییەی لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەروچاوە لە سنووری قەزای رانیە گیراوە و وەك خۆی دەڵێت بە قورسی ئەشكەنجەیان داوە، دەڵێت وێڕای ئەشكەنجەدان هەڕەشەی كوشتنیان لێكردووە ئەگەر ئەوە بدركێنێت لەلایەن پۆلیسەوە لێیدراوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی رانیەش دەڵێت سەرجەم ئەفسەر و پۆلیسەكانی بنكەی پۆلیسی سەروچاوە دەستبەرسەرن تاوەكو دادگا كێشەكە یەكلایی دەكاتەوە، پەرلەمانتارێكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت پۆلیس مافی ئەوەی نییە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانیاندا بکات، ئەگەر راستبێت پێویستە وەزارەتی ناوخۆ رێكاری تووند بگرێتەبەر.


بارزان زرار سلێمان، برای ئەو هاونیشتمانییەی وەک خۆی دەڵێت لەلایەن پۆلیسی بێتواتە ئەشکەنجەدراوە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (هۆت لاین)ی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی براکەی رایگەیاند: "براکەم 25 رۆژ بوو لێرە نەبوو، چووبووە تورکیا بۆ ئەوەی بچێتە ئەوروپا، نزیکەی 15 رۆژ لە تورکیا مایەوە، دوای ئەوە پەشیمانبووەوە و گەڕایەوە ماڵ".

بارزان زرار دەڵێت "دوای رۆژێک لە گەڕانەوەی، براکەم لەلایەن بنکەی پۆلیس بانگکرا، بە بیانووی ئەوەی زانیاری لەسەر کەسێک بدات، کە دراوسێی بووە". لەبارەی ئەشکەنجەدانی براکەی لە بنکەی پۆلیس، بارزان زرار گوتی: "بەتووندترین شێوە ئەشکەنجەیان داوە، ئەوانەی بەشداربوونە لە ئەشکەنجەدانەکەی 5 بۆ 6 کەس بوونە، هاوکات بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیس بەشداربووە لە لێدانی، لەگەڵ ئەوەش سووکایەتیان پێکردووە".

جه‌سته‌ی ئەمیر زرار، ئه‌و كه‌سه‌ی پۆلیس بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ بانگی بنكه‌كه‌ی كردووه،‌ شوێنی ئه‌شكه‌نجه‌دانی بە جەستەیەوە دیارە و وەك خۆ دەڵێت "چەندین كاژێر سه‌راوژێر هه‌ڵواسراوه ‌و به‌ جۆره‌ها شێوه‌ ئازاری جه‌سته‌یی دراوه، بە كێبڵی كارەبا لێیانداوە و جگەرەیان بە پشتی كوژاندووەتەوە"‌.

ئه‌میر زرار بە رووداوی گوت "گه‌یشتمه‌ بنكه‌ی پۆلیس و به‌ شه‌ق كه‌وتنه‌ گیانم، سه‌راوبن هه‌ڵیانواسیم له‌ كاژێر 9ی به‌یانییه‌وه‌ تاوەكو 3ی ئێواره‌، ئینجا به‌ كێبڵی كاره‌با لێیانده‌دام، ئازاری جه‌سته‌ییان ده‌دام و جگه‌ره‌یان به‌ پشتم ده‌كوژانده‌وه‌. بەڕێوەبەری بنكه‌كه‌ خۆی وایەری كه‌له‌بچه‌ی ده‌ستی قایمكردم و به‌ پۆلیسه‌كانی ده‌گوت بیكوژن".

وێڕای ئەشكەنجەدان، بارزانی برای باسی ئەوە دەكات هەڕەشەی كوشتنیان لێكردووە و دەڵێت "دوای ئەشکەنجەدانی براکەم هەڕەشەی ئەوەیان لێکردبوو نابێت لە ماڵەوە بچێتەدەر، یان ئەو بابەتە لای هیچ کەسێک باس بکات، هەتا پێیانگوتبوو ئەگەر قسە بکەیت دەتکوژین و ماڵ و منداڵەکەشت دەکوژین".

لەبەرامبەردا نەقیب کاروان مەحموود، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی راپەڕین، کە بەشداربووێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ئەو هاونیشتمانییە رایگەیاند "سەرلەبەری قسەکانی ئەو کەسە ناڕاستن كە گوایە لەبەرئەوەی چووەتە تورکیا ئەشکنجەدراوە، لەگەڵ ئەوەش ئەو کەسە سکاڵای لەسەر ئەشکەنجەدانەکەی لەلایەن پۆلیسەوە تۆمارکردووە، ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی پۆلیسی ناوبراویش سکاڵایان تۆمارکردووە، ئێستا دوو سکاڵا لە دادگان، ئێمە پابەندین بە بڕیارەکانی دادگا، دەرکەوت هەر لایەنێک زیاد لە پێویست هێزی بەکارهێناوە، رێکاری یاسایی خۆمان دەگرینەبەر".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی راپەڕین نكۆڵی لەوە ناكات شوێنی ئەشكەنجەدان بە جەستەی ئەو هاونیشتمانییەوە دیارە و دەڵێت "قسەمان لەگەڵ ئەفسەر و کارمەندانی خۆمان کردووە، ئەوان دەڵێن ئێمە ئەوەندەی یاسا رێگەی پێدواین رەنگە هێزمان بەکارهێنابێت، بەڵام جەستەی ئەو هاونیشتمانییە شوێنی ئەشکەنجەدانی پێوەدیارە و نکۆڵی لێناکرێت".

ناوبراو گوتیشی "دوای بیستنی ئەو هەواڵە، بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین، ئەو کارمەندانەی لەو بنکەیە دەوام دەکەن، بە سزایەکی دیسپلینی سزاداون و لە گرتووخانەی راپەڕین دەستبەسەرن، تاوەکو بڕیارێکی دروست لە دادگاوە دەدرێت".

بێستون فایەق، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، کە ئەویش بەشداربووێکی دیکەی بەرنامەی (هۆت لاین) بوو، لەبارەی هەمان پرس رایگەیاند "پۆلیس مافی ئەوەی نییە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانییەکدا بکات ئەگەر تۆمەتیشی لەسەر بووبێت، هیچ یاسا و رێنماییەکی وەزارەتی ناوخۆ و دەستووری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان رێگە بە هیچ هێزێکی ئەمنی نادەن بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانییە دەستگیرکراوەکان بکات، جا هەر جۆرە تاوانێکیان لەسەر بێت".

بێستون فایەق دەڵێت "گرتن و لێدان و ئەشکەنجەدانی ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن پۆلیسەوە، ئەگەر راستبێت ئەمە سەرپێچییەکی زەقەو ئەو هاونیشتمانییە مافی هەموو سکاڵایەکی هەیە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی لێکۆڵینەوەیەک بین لە دەرەوەی هەردوو لایەنەکە، پێمان بڵێت ئەگەر پۆلیس وای لەو هاونیشتمانییە کردبێت، ئەمە سەرپێچییەکی گەورەیە و دەبێت رێکاری تووند لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ ئەو ستافەی پۆلیس بگیرێتەبەر، ئەگەر ئەو هاونیشتمانییەش لەخۆڕا تۆمەت بۆ هێزەکانی پۆلیس دروست دەکات، ئەمەش بابەتێکی دیکەیە".

یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوانی بەمەبەستی دەستكەوتنی زانیاری و دانپێدانانی زۆرەملێ قه‌ده‌خه‌كردووه ‌و ئه‌نجامده‌رانی بەگوێره‌ی ماددی (19)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق سزادەدرێن
RUDAW -
Top