بارزانی: دۆزی رەوای گەلی كوردستان دۆست و پاڵپشتی گەورەی هەیە
رۆژی شەممە 10-9-2016، پەنجا و پێنج ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی گەلی كورد بەرامبەر حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی سەددام حوسێن تێدەپەڕێت.
بارزانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت "شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەری گەلی كوردستان بوو و ئەو بڕوابەخۆبوونەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانی دروستكرد كە دەبێ لەبەرانبەر داگیركاری و ناهەقیدا بووەستێتەوە".
بە ئاماژەدان بەوەی شۆڕشی ئەیلوول لە ناوچەیەكی دیاریكراودا نەمایەوە و بنەماكانی شۆڕش و عەدالەت و كوردایەتیی بە هەموو شوێنەكانی كوردستان گەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی حیزبی شیوعیی عێراقی و هێز و كەسایەتییە دیموكراتخوازەكانی عێراقی لەو شۆڕشەدا بەرزنرخاندووە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو ساڵیادەدا باسی دۆخی ئێستای دۆزی كورد دەكات و دەڵێت "لەكاتێكدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە كە بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان هەنگاوی زۆر مەزن هاوێشتراوە و لەسەر ئاستی جیهانیدا دۆزی رەوای گەلی كوردستان دۆست و پاڵپشتی گەورەی هەیە".
هەروەها دەڵێت "گەلی كوردستان ئەوەی بە جیهانیان سەلماند كە پارێزەری بەهای ئاشتی و پێكەوەژیان و ئازادییە. ئەو بەهایانەی جێگەی شانازیی تاك بە تاكی خەڵكی كوردستانن. ئەو دەستكەوتانەیش لەو بنەما و بەها و خەباتە سەرچاوە دەگرێ كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی لەسەر بنیاتنرا".
دەقی پەیامەكەی بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ پەنجا و پێنج ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی گەلی كوردستان لەدژی زوڵم و چەوساندنەوەدا تێدەپەڕێ. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەری گەلی كوردستان بوو و ئەو بڕوابەخۆبوونەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانی دروست كرد كە دەبێ لەبەرانبەر داگیركاری و ناهەقیدا بوەستێتەوە. بۆ یەكەمجار لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لەو شۆڕشەدا بوو كە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداری خەباتی نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلەكەیان بوون و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانیش شانبەشانی كورد لەژێر سەركردایەتێكی هاوبەش لەدژی ستەم و داگیركاری خەباتیان كرد. شۆڕشی ئەیلوول لە ناوچەیەكی دیاریكراودا نەمایەوە و بنەماكانی شۆڕش و عەدالەت و كوردایەتیی بە هەموو شوێنەكانی كوردستان گەیاند. هەروەها ڕۆڵی حزبی شیوعیی عێراقی و هێز و كەسایەتییە دیموكراتخوازەكانی عێراقی لەو شۆڕشەدا بەرچاو بووە.
لە كاتێكدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە كە بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان هەنگاوی زۆر مەزن هاوێشتراوە و لەسەر ئاستی جیهانیدا دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دۆست و پاڵپشتی گەورەی هەیە. گەلی كوردستان ئەوەی بە جیهانیان سەلماند كە پارێزەری بەهای ئاشتی و پێكەوەژیان و ئازادییە. ئەو بەهایانەی جێگەی شانازیی تاك تاكی خەڵكی كوردستانن. ئەو دەستكەوتانەیش لەو بنەما و بەها و خەباتە سەرچاوە دەگرێ كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی لەسەر بنیات نرا.
لەو یادە مەزنەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان دەنێرین. پێزانینم هەیە بۆ ههموو ئهو تێكۆشهرانهی كه بهشداربوون له شۆڕشی ئهیلوول و مێژوویان بۆ گەلی كوردستان دورست كرد. دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەم كە شانازیین بۆ گەلەكەمان و هەموو جیهان.
مسعود بارزانی
10ـی 9ـی 2016
