”نەوشیروان مستەفا دەیەوێت یەکێتی بە هەموو باڵەکانیەوە هەڵبوەشێنێتەوە“
ئەمڕۆ شەممە 10\9\2016، کاروان ساڵح، هەڵسووڕاوی پێشووی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو بزووتنەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، لە سەرەتاوە نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، زۆر دژی (کۆسرەت ڕەسول عەلی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح)، جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و ”لە ڕابردووشدا زۆر شتی کردووە و بە جددی دژایەتی ئەو دوو باڵەی یەکێتی کردووە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بزووتنەوەکەی، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، دەزانێت باڵی دەستڕۆیشتوو سەقامگیریی زیاتری هەیە و ناوچەی سلێمانی زیاتر لە دەسەڵات و لەسەر دەستی ئەوانە، پشتیوانییان دەکات“. گوتیشی: ”ئەو بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە دەدات کە لە پەرتەوازەیی و ململانێی یەکێتیدا سوودمەند بێت، بۆ خۆی گۆڕەپانەکە کۆنتڕۆڵ بکات و ببێتە خاوەنی، بۆ ئەوەی خەونەکانی پێشووی بێتە دی“.
باسنیوز
