"لەناو بەندیخانەكانی کەرکووک شانەی نوستووی داعش هەیە"

بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) شانەی نوستووی لەناو بەندیخانەكانی كەركوەكدا هەیە و ژنان ‌و منداڵانیش بۆ بینینی سەركردەكانی رێكخراوەكە و وەرگرتنی فەرمان لێیانەوە بەكار دەهێنن."

لە نووسراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووكدا هاتووە "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەكانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، لەنێو بەندیخانەكانی كەركووكدا شانەی نوستوو هەیە كە لەلایەن سەركردەكانی رێكخراوی داعشەوە سەرپەرشتی دەكرێن و لەڕێگەی بەكارهێنانی ژن ‌و منداڵەوە بۆ جێبەجێكردنی كارە تیرۆریستییەكان ‌و پاڵپشتی دارایی رێكخراوەكە بۆ كەسوكاری گیراو و ونبووەكان".

بەپێی نووسراوەكە "شانە نوستووەكانی ناو شاری كەركووك تاكتیكێكی نوێ بەكار دەهێنن بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبن كە ئەویش پەنابردنە بەر بەكارهێنانی تۆڕەكانی ئینتەرنێت ‌و فەیسبووك‌و ماسنجەر بۆ دەركردنی رێنمایی ‌و وەرگرتنی پارە و دابەشكردنی".

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە "لە ماوەكانی رابردوودا 3 كەس دەستگیر كراون كە دانیان ناوە بەوەی هەوڵی دابینكردنی پشتگیریی مادی بۆ شانە نوستووەكانی ناو شاری كەركووكیان داوە كە یەكێك لە دەستگیركراوەكان تەمەنی 16 ساڵ بووە و برایەكی خۆكوژ بووە".

نووسراوەكەی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك ئەوەشی ڕووون كردووەتەوە كە "رێكخراوی داعش ژنان ‌و منداڵان بەكار دەهێنێت بۆ چاوپێكەوتنی سەركردەكانیان لەناو بەندیخانەكان ‌و وەرگرتنی فەرمان لێیانەوە، هەروەك رێكخراوەكە بەنیازە كردەوەی تیرۆریستی لە ڕفاندن ‌و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خەڵكی خۆكوژ لەناو شاری كەركووك ئەنجام بدات".










باسنیوز
Top