مالیکی لە ڕێژەی کورد لە سنووری پارێزگای نەینەوا نیگەرانە
میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە بڵاویان کردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مالیکی دیدارێکی لەگەڵ دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامداوە و تێیدا ئاماژەی بە نیگەرانیی خۆی لە ڕێژەی کورد لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەربڕیوە، بەڵام بیانووی بەوە هێناوەتەوە کە دەسەڵاتی پێشمەرگە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکە بە گشتی و دەشتی نەینەوا بە تایبەتی، فراوان بووە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق ترسی خۆی لەوەش نیشانداوە کە دوای ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ، هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت و ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکانیان لە پێکهاتەکانی (ئێزدی، شەبەک، مەسیحی و تورکمان)ن، بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێنەوە کە ئەو بە “گۆڕانی دیمۆگرافیای ناوچەکە” وەسفی کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی سنووری پارێزگای نەینەوا لە سەرجەم دەرفەتەکاندا جەخت لەوە دەکەنەوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی نووری مالیکیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە زۆرینەی شیعەی سەر بە مالیکی سەرپەرشتی کردوون و فەرمانی پێ کردوون، چەوسێندراونەتەوە و زوڵمیان لە بەرامبەر کراوە، بەڵام پێشمەرگە سەرەڕای پاراستنیان، ناوچەکانیانی ئازاد کردووەتەوە.
