كاسبكارانی سۆران لەڕێگەی مازووەوە بژیویان دابین دەکەن

 كاسبكارانی سۆران لەڕێگەی مازووەوە بژیویان دابین دەکەن
ئەمساڵ بەشێك لە هاووڵاتییانی گوند و ناوچە سنووریەكانی دەڤەری سۆران، ڕوویان كردووەتە چیا و چۆڵەكان بۆ كۆكردنەوە و چنینی مازوو، رۆژانە دەیان هەزار دینار لەو ڕێگەیەوە بەدەست دەهێنن.

سەعید خدر، هاووڵاتییەكی دەڤەری سۆران، رایگەیاند، "ڕۆژانە خەڵكێكی بەرچاو بەتایبەتی لە گوندەكان، ڕوو دەكانە چیا و چۆڵەكان، بەمەبەستی هێنان و كۆكردنەوەی مازوو، ئەگەرچی كارێكی ئاسان نییە تۆ سەربكەوی بۆ سەر دار و درەختەكان و چنینی مازوو، بەڵام سەختیی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخەكەی وای كردووە، بەردەوام هەوڵ بدەین بۆ بەدەستهێنانی، بۆ نموونە جاری واهەبووە رۆژ تائێوارە سنووری چەند گوندێكمان بڕیوە بۆ كۆكردنەوەی مازوو."

ئەو كاسبكارە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر مرۆڤ كەمێك هەوڵ بدات و لە گەڕان بەدوای ئەو ڕووەكە سروشتییە بەردەوام بێت و كەمێك شارەزایشی هەبێت، ڕۆژانە لە 10 تا 20 كیلۆ مازو كۆ دەكاتەوە، نرخەكەشی 5 پێنج هەزار دینارە، بەمەش ڕۆژانەكە لەسەر 50 تا 100 هەزار دینار دەوەستێت، بێگومان ئەوەش نرخێكی باشە بەتایبەت لەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستادا."

شوان عەبدوڵا، یەكێكە لەو كڕیارانەی مازوو لە دەڤەری سۆران، رایگەیاند، جگەلە من چەندین موشتەری دیكە كاری كڕینی مازوو لە دەڤەرەكە دەكەن، ئێمە كیلۆیەك مازوو بە 5 پێنج هەزار دینار لە موشتەرییەكانمان وەردەگرین، كاتێك دەشی فرۆشینەوە نرخێكی زیادی دەخەینە سەر و لەو نێوانەدا هەموان سوود مەند دەبین، گوایە وڵاتانی توركیا، ئێران، ئیماڕات و ڕووسیا داخوازییەكی زۆریان لەسەر مازوو هەیە و هەناردە دەكرێن.








باسنیوز
Top