هۆکاری دواکەوتنی پێدانی مووچە بۆ دوای جەژن ئاشکرا دەکرێت
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو زەرەر و زیانەی بەر مووچەی فەرمانبەران کەوتووە، بەهۆی بڕیاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە لەگەڵ بەغدا کە 5 مانگ هەناردەی نەوتی کەرکووکی وەستاند، بەڵام پێشبینی دەکرێت بە گەڕانەوەی داهاتی نەوتی کەرکووک بۆ کوردستان، حکومەت بتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابین بکات بەڕێژەیەکی زیاتر لەوەی ئێستا هەیە.
زۆرن ئەو فەرمانبەرانەی لە پێش جەژن مووچە وەرناگرن، بەشێک خەمەکانی خۆیان دەشارنەوە و بەشیکیشیان خەمی گەورەیان، تێپەراندنی جەژنی قوربانە بەبێ مووچە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت لە پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەی ورد دەدات لە سەر هۆکاری دواکەوتنی مووچە، ئەویش ئەوەیە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کەسی یەکەمی ئێستای یەکێتی لەگەڵ بەغدا بڕیاری دا نەوتی کەرکووک رابگرێ، ئەمەش وایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێ مانگانە ئەو نیو مووچەی هەشیەتی دابینی بکات.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کەوتوونەتە دەست رووداو، نەوتی کەرکووک کە 5 مانگە راگیراوە، رۆژانە 150 هەزار بەرمیلی لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەفرۆشرا. نرخی هەر بەرمیلێکی لەبەر ئەوەی کوالێتی باشە بە 45 دۆلار بووە و، لەو ماوەیە زیاتر لە 22 ملیۆن بەرمیل کە داهاتەکەی سەرووی یەک ملیار دۆلار بووە زەرەری بە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان گەیاندووە.
زیاتر لە 90% مووچەی کوردستان بەداهاتی نەوت دابیندەکرێت. ئێستا مانگی نۆیە و حکومەت مووچەی مانگی حەوت دابەش دەکات و، ئەو حەوت مانگەش نیوە مووچە بووە.
رووداو
