لە چیای زەرتک دوو پێشمەرگە شەهیدبوون

لە چیای زەرتک دوو پێشمەرگە شەهیدبوون
رۆژی پێنجشەممە 8-9-2016 بەهۆی كەوتنخوارەوەی هاونێكی چەكدارانی داعش لە چیای زەرتك لە میحوەری خازر لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە، 2 پێشمەرگە شەهید بوون و 3 پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

موقەدم ئامانج شێركۆ، ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی هاونێك لە چیای زەرتك لە میحوەری خازر 2 پێشمەرگەی بەتالیۆنی 3 -ی هێزی دووی سوپای 5-ی زێرەڤانی شەهیدبوون و 3 پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بەتووندی بەرپەرچی چەكدارانی داعشیان دایەوە".

رۆژی 14-8-2016 ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و گوێڕ- مەخموور بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی بۆ سەر داعش دەستیپێكرد و لە ئەنجامدا نزیكەی 150 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە داعش پاككرایەوە و 10 گوند ئازادكران بەمەش لە كۆی 6 رێگای كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ پێنجیان لەدەست پێشمەرگەدان، ئەوانیش رێگاكانی كەسكێ - بادۆش، بەنداوی موسڵ، ناوەران، خازر و گوێڕ، بەڵام تەنیا رێگەی گەیارە كە 80 كێلۆمەتر لە موسڵ دوورە، لەدەست سوپای عێراقدایە و عێراق بێ كورد ناتوانێت باسی دەستپێكردنەوەی شەڕی موسڵ بكات.
Top