نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌ی نمایشی فیلمی پێشمه‌رگه بوو
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 8/9/2016 به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتار و وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كونسوڵ و دیپلۆماتكار، پسپۆڕانی سه‌ربازیی بیانی و فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه، خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه و به‌رپرسانی دیكه‌ی سه‌ربازیی هێزی پێشمه‌رگه، له شاری هه‌ولێر فیلمی پێشمه‌رگه كه له ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی بێرنارد هێنری لیڤی، نمایشكرا.
له سه‌ره‌تای ڕێوڕه‌سمی نمایشكردنی فیلمه‌كه‌دا، بێرناردی ده‌رهێنه‌ر پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه و چۆنییه‌تی ئاماده‌كردنی كرد، له‌مباره‌یه‌شه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه فیلمی پێشمه‌رگه له ژماره‌یه‌ك سینه‌مای وڵاتانی ئه‌ورووپا و جیهان نمایشكراوه و له فیستیڤاڵی كانی سینه‌ماییشدا نمایشكرا، هه‌روه‌ك نه‌به‌ردی و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی له شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش به‌رز نرخاند.
دواتر فیلمی پێشمه‌رگه كه فیلمێكی دیكۆمینتارییه له‌سه‌ر شه‌ڕی هێزی پێشمه‌رگه له دژی داعش، نمایشكرا و كه تێیدا نه به‌ردی، چاونه‌ترسی، میهره‌بانی و سه‌ركه‌وتنه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژی داعش خراوه‌ته ڕوو، بۆ ئاماده‌كردنی فیلمه‌كه‌ش بێرنارد و تیمێكی یاوه‌ری ماوه‌یه‌ك به درێژایی زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر له سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه بوون هه‌ر له باشووری كه‌ركووكه‌وه تا ده‌گاته شه‌نگال.
باسنيوز
