دیندار زێباری: پێشوازی لە دوا راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئازار و مەینەتییەکانی کوردانی ئێزیدی و رزگارکردنی ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەکراون
لەم بارەوە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر رایگەیاند: لە دوای 3/8/ ٢٠١4نزیکەی (360،000) هاووڵاتی ئێزیدی ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەری شنگال و باشووری کوردستان بوون و (1293) یان، هەروەها (6413) هاوڵاتی کوردی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بێ سەروشوێن کراون لەوانە (3543) ئافرەت و (2870) یان پیاو بوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان گشت هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بۆ رزگارکردنیان و بەپێی دوایین زانیاری تا ئێستا توانراوە (2652) یان ئازاد بکرێن و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگار کردنی ئەوانەی تا ئێستا لە دەست داعش ماون.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتەنێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانی حکومەتی بۆ هاوکاری ئێزیدییەکان خستەروو و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێم ئەوەی لە تونایدا بووە ئەنجامیداوە بۆ هاوکاری کردنی ئەو ئێزیدیانەی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە کەمپەکان نیشتەجێیان کردوون و پێداویستی و کەلوپەلە سەرەتاییەکانیان بەپێی توانا دابین کردوون، هەروەها لە چەندین رووەوە هاوکاری ئەو ئافرەتانەی کردووە کە تا ئێستا رزگارکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزیدی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە".
زێباری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی ئایین و نەتەوە هاوکاری هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دەکات کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و پەنابەرە ئێزیدییەکانیش لەم هاوکاریانە بەدەر نین، چۆن هاوکاری پەنابەرە سووری و ئاوارە کریستیانەکان دەکرێت بە هەمان شێوە هاوکاری ئێزیدییەکان کراوە و بەپێی توانا پێداویستییەکانی رۆژانەیان بۆ دابین کراوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند ئێمە لە حکومەتی هەرێم پاڵپشتی تەواوی راپۆرتی راپۆرتی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەم رووەوە دەکەین کە ئێزدییەکان پێویستیان بە هاوکاری زیاتری کۆمەڵگای نێدەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵییە بەتایبەتی لە ناساندنی کەیسەکەیان بە جینۆساید و نەهێشتنی ئەو کۆسپانەی کە رێگرن لەبەردەم سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و لەم رووەوە پێویستە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بکەن، هەروەها هاوڕاین کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ گەیاندنی هەموو هاوکارییەکی دارایی و تەکنیکی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقیش لەلایەن خۆیەوە هەستێت بە هەڵبەستن و دابینکردنی ئاسایش و هاوکاری مرۆیی بۆ قوربانیانی دەستی داعش، چونکە ئەو تاوانانەی کە دژ بە ئیزیدییەکان ئەنجامدراوە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە ئەنقەست بووە بۆیە دەکرێت وەک تاوانی جەنگ و بگرە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار بکرێت.
شاینی باشە لە مانگی رابردوو ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) راپۆرتێکی سەبارەت بە رەوشی کوردانی ئێزیدی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەکات کە برەو بە بابەتی لێپێچینەوە بدەن لە عێراق بۆ زامنکردنی ئەوەی کە تاوانبارانی هەموو توندوتیژی و پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی مافی مرۆڤ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
