پەرلەمانتارێک: ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەیەوێ لەسەر نەوتی کەرکووک باڵەکەی بەهێز بکات
فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “دەبێت چارەسەرکردنی گرفتەکان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە ڕێگای حکوومەتەوە بێت، نەک لە ڕێگای حزبەوە و هەر لایەنێکیش گرفتی هەبێت، دەبێت لە ڕێگای نوێنەرەکەیەوە لە حکوومەت چارەسەری بکات، نەک بە حزبی بکرێن کە بەداخەوە ئێستا لە حزبی بوونیش دەرچووە و کراوە بە شەخسی، ئەم بەڵگەنامەی بڵاو کرایەوە کە دەرکەوتووە، کەسێک لەناو لایەنێکی سیاسی لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆی، قووتی خەڵکی کوردستان بەکار دەهێنێت کە ئەمە دوورە لە هەموو ڕێوشوێنە شەرعی و یاساییەکان”.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا بووایە، ئێستا دەبوو هەموو ڕێکارێک لەدژی ئەمە بگیرابایە و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرابایە و فراکسیۆنی یەکێتی، ئەندامەکەی خۆی بخستایەتە ژێر پرسیارەوە، چۆن ئەمەی کردووە؟".
فەرحان جەوهەر ڕوونی کردەوە: “تێ ناگەم چۆن جێگری سەرۆکی حکوومەت لە یەکێتی بێت، کەچی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە سکاڵا لە ناڕوونی و ناشەفافیی نەوت بکات؟ لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ئەم نامەیە بۆ ئەوەیە کە ئەو ئەندامە دەستڕۆیشتووەی ناو یەکێتی، لە نەوتی کەرکووک، بڕەپارەیەکی دەست کەوێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆی لەناو حزبەکەی بەکاری بهێنێت و بەو پارەیە خەڵک بکڕێت و ویژدانی خەڵک بە پارە بەلای خۆیدا ڕاکێشێت و کوتلەی خۆی پێ بەهێز بکات".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە 7\9\2016، میدیاکانی یەکێتی بەڵگەنامەیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی، نامەیەکی بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و تێیدا داوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکی لێ کردووە.
باسنیوز
