فراکسیۆنی پارتی: سەردانەکەی بارزانی بۆ فەڕەنسا بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتییە
د. محەمەد عەلی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان و ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی شان بە شانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و سەرەتای دروستبوونی قەیرانەکانی کوردستان، هاوکاریی ئێمەیان کردووە، دۆستێکی دێرینی گەلی کوردستانە و ئەو دۆستایەتییە لەژێر سایەی سیاسەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “سەردانەکەی بارزانی بۆ فەڕەنسا، لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی، گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەتایبەت ئێستا پێشمەرگە تاکە هێزە کە جیهان لە مەترسیی تیرۆر دەپارێزێت”.
دووپاتیشی کردەوە: “فەرەنسا وڵاتێکە ڕۆژانە ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە، ئەو هەماهەنگییەش کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا وادەکات ئاستی پاراستن و هاوکاریی هەردوو لا لە هێرشی داعش لە ئاستێکی بەرزدا بێت".
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕوونی کردەوە کە فەڕەنسا، هاوکاریی مرۆیی و دارایی پێشکەش بە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دەکات و لەو هاوکاریکردنەش بەردەوام دەبێت.
باسنیوز
