ئاشتۆن کارتەر: هیچ ئومێدێک نییە بۆ رێکەوتن لەگەڵ ڕوسیا سەبارەت بە سوریا

ئاشتۆن کارتەر: هیچ ئومێدێک نییە بۆ رێکەوتن لەگەڵ ڕوسیا سەبارەت بە سوریا
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جه‌ختده‌كاته‌وه‌ لە ئێستادا هیچ ئومێدێک نییە بۆ رێکەوتن لەگەڵ ڕوسیادا سەبارەت بە سوریا، ئاماژە بەوەشدەکات تا ئەو کاتەی ڕوسیا رێکكەوتن دەکات بەرپرسیارێتی درێژەکێشان‌و چڕبوونەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا له‌ئه‌ستۆی‌ ئه‌و وڵاته‌دایه‌.

ئاشتۆن کارتەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا بەریتانییه‌كه‌ی‌ لە لەندەن، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رێکەوتنی وڵاتەکەی‌و ڕوسیا بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا رایگەیاند "لە ئێستادا هیچ ئومێدێک بۆ رێکەوتنێک لەو بارەیەوە نییە".

لە کۆبونەوەی نێوان باراک ئۆباماو ڤلادیمێر پۆتین لە دیداری لوتکەی سەرانی وڵاتانی ئابووری G20 لەچین، ئەو دوو سەرۆکە نەگەیشتنە هیچ رێکەوتنێک لەبارەی کێشەکانی سوریاو وەستانی شه‌ڕ لەو وڵاتە.

ئاشتۆن کارتەر وتیشی "پێموابێت باراک ئۆباما ئاماژەی بەوە کرد کە ناکرێت بۆ هەمیشە هیچ رێکەوتنێک نەبێت، ئەو هیوای خواست جۆن کێری هەواڵێکی دیکە بدات".

ئاڵۆزیی‌و شەڕی ناوخۆیی سوریا پێدەنێتە ساڵی پێنجەمەوەو تا ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی دیار نییە، هێزە ئۆپۆزسیۆنە سورییەکان داوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد دەکەن، ئەویش بە پشتگیریی ئێران‌و ڕوسیا ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوەو ئامادە نییە کورسی سەرۆکایەتی چۆڵ بکات.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا ئەوە دەکەوێتە سەر ڕوسیا کە چی دەڵێ لەبارەی شەڕی تیرۆرو گواستنەوەی سیاسیی کە کۆتایی دێنێت بەشەڕی ناوخۆو هەنگاوێکی پێویست‌و بنچینەییە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی سوریا "ئێستا هەر رۆژێک ئەوە ڕوونەدات، ڕوسیا دەکاتە بەرپرسیار لە بەردەوامیی‌و چڕبوونەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا".







خەندان
Top