موحسین سەعدوون: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بیانوو بە بەغدا دەدات

 موحسین سەعدوون: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بیانوو بە بەغدا دەدات
سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، نامەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کە خۆیان بە زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەزانن و ناوەندی بڕیاری یەکێتیش بە “باڵی قۆرخکار”یان دەناسێنێت، نایاساییە.



دوای بڵاوکردنەوەی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە تێیدا داوای ڕاگرتنی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8\9\2016، موحسین سەعدوون، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “ئەو نامەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ حەیدەر عەبادی، تەواو نایاساییە، چونکە بابەتی نەوت ڕێککەوتنێکە لە نێوان دوو دامەزراوەی حکوومیی هەڵبژێردراوی شەرعیەتی خەڵک، ناکرێت حزب بە ویستی ئیرادەی حزبیی خۆی بڕیار لەسەر بابەتێکی وا هەستیار بدات کە پەیوەندی بە قووتی خەڵکەوە هەیە”.



ڕوونیشی کردەوە: “پرسیاری زۆر قورس دێتە بەردەم یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە کاتێکدا خۆیان بەشدارن لە حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت هی ئەوانە، دووەم حکوومەت پابەندە بە ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ بەغدا، ئەمان وەک یەکێتی یان هەر لایەنێکی دیکە، نامە بنێرن بۆ بەغدا و بڵێن سیاسەتی نەوتیی کوردستان ناڕوونە، دەی ئەو کاتە تۆ بیانووی ناڕوونی نەوت دەدەیت بە دەست بەغداوە و لەسەر خۆتی دەکەیتە ماڵ، ئەمە لە بەرژەوەندیی کێیە؟".

دووپاتیشی کردەوە: "بەهەموو پێوەرێک ئەم نامەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نایاساییە و باوەڕ ناکەم عەبادی دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لە ڕووی یاساییەوە مامەڵە لەگەڵ شتی نایاساییدا بکات".



















باسنیوز
Top