بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی بابەتی پێدانەوە یان سەندنەوەی متمانە لە زێباری دوادەکەوێت
بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (8\9\2016)ی پەرلەمانی عێراق، بابەتی دەنگدان لەسەر پێدانەوەی متمانە یان سەندنەوەی لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق یەکلا بکرێتەوە. لەمبارەیەوە موحسین سەعدون، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “گرووپێک ئەو بابەتەیان ورووژاندووە کە ئێستا خۆیان لێ دوورخسووەتەوە و بەشێکیان نەهاتوونەتە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانیش چوونەتە فەریزەی حەج”.
ڕوونیشی کردەوە: “بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق دوادەکەوێت بۆ کاتێکی نادیار و ئەمڕۆش بابەتی لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری بۆ کاتێکی نادیار دوا دەکەوێت".
هەر لەمبارەیەوە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، وێنەیەکی خۆی و دوو پەرلەمانتارەکەی دیکەی فراکسیۆنەکەی لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت، تەنیا 3 پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی کۆمەڵ و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە لەهۆڵی کۆبوونەوەکەن.
باسنیوز
