هەولێر و بەغدا رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن و زیاتر لە 1.8 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ئاوارەی کوردستان بوون

 هەولێر و بەغدا رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن  و زیاتر لە 1.8 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ئاوارەی کوردستان بوون
هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن.



رۆژی پێنجشەممە 8ـی ئەیلوولی 2016، دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچپێکراوانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی وەزارەتەکەی رایگەیاندووە، کە ئەو بە ناوی حکوومەتی عێراق رێککەوتنەکەی لەگەڵ کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە.



هەروەک پەیجی وەزارەتی کۆچ و کۆچپێکراوان بڵاوی کردووەتەوە، رێککەوتنەکە بۆ لەخۆگرتن و پەنادانی ئاوارەکانی مووسڵە، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شارەکە، چاوەڕێ دەکرێ ئاوارەی هەرێمی کوردستان بن.



بەهۆی شەڕی تائیفی نێوان پێکهاتەی سوننە و شیعە و داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە لە عێراق و شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، نزیکەی 1.8 ملیۆن ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.



چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.





باسنیوز
Top