مۆڵەتەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ عەبادی 15 ڕۆژە کۆتایی هاتووە
لە نامەیەکدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتوو کە ناوەندی بڕیاری یەکێتی بە ”باڵی قۆرخکار و سەرقاڵ بە ڕێککەوتنی ژێربەژێری نەوت“ وەسفیان دەکات، بە بیانووی ئەوەی خەڵکی کەرکووک سوود لە ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا وەرناگرن، هەروەها بە بیانووی ئەوەی ”هێزەکانمان ئەو کێڵگە نەوتییانە دەپارێزن“، داوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێی بۆڕیی نەوتی کوردستان دەکات و 5 ڕۆژ مۆڵەت بە حەیدەر عەبادی دەدات.
ئەو نامەیە کە لە میدیاکانی یەکێتییەوە بڵاو کراوەتەوە، لە ڕۆژی 19\8\2016 واژوو کراوە، مۆڵەتەکەش لە 24\8\2016 کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا نازاندرێت کاردانەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە بەرامبەر ڕانەگرتنی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی هەولێر و بەغدا چییە؟
ئەمە لە کاتێک دایە کە پێشتر شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ئاماژەی بە بردنی نەوتی کەرکووک بە تانکەر و لە ڕێگای سلێمانییەوە بۆ ئێران کردووە و ئاشکرای کردووە: ”مانگانە 6 ملیۆن دۆلار لە داهاتی ناوخۆ و داهاتەکانی نەوت و مەرزەکان لە زۆنی سەوز دیار نامێنێت“.
پێشتر بەنگین شەوکەت، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاندبوو: لەسەر پێشنیاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، هەناردەی نەوتی کەرکووک ڕاگیراوە، لە کاتێدا بە چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، ئەم هەڵەیە ڕاست کرایەوە و بڕیار دراوە نەوتی کەرکووک لە هەناردە کردنی بەردەوام بێت، بەجۆرێک ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل نەوت بۆ عێراق بێت و ئەوی دیکەش دەفرۆشرێت، بودجەکەی بۆ کوردستانە”. گوتیشی: “پێشنیازەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد زیانێکی زۆری لە بودجەی کوردستان داوە”.
دوێنێ چوارشەممە 7\9\2016، کاوێز مەلا پەروێز، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەوڵی کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، جێگەی داخە، چونکە پرسى بڕینى قووتى خەڵکى کوردستانە کە لە لایەن سەرکردەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییەوە پێشنیار کراوە، دەپرسین لە پێناوی چی پێشنیاری بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان لە عەبادی دەکەن؟”.
لە ماوەی ڕابردوودا (باسنیوز) لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەوەی بڵاو کردەوە کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دەیەوێت لە ڕێگای تانکەرەوە، نەوتی کەرکووک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بگوازێتەوە کە داهاتەکەی ملیۆنەها دۆلار دەبێت.
پێشتریش لە یەکەمین ڕاگەیاندراوی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ئاماژە بەوە درابوو، باڵێکی نێو حزبەکەیان تەنیا “خەریکی ڕێککەوتنی ژێربەژێری نەوتن”.
باسنیوز
