فەرماندەیەكی پێشمەرگە: گوێڕ ئارامە بۆ گەڕانەوەی خەڵك بەڵام بڕیاری سیاسیی پێویستە

   	 	 فەرماندەیەكی پێشمەرگە: گوێڕ ئارامە بۆ گەڕانەوەی خەڵك بەڵام بڕیاری سیاسیی پێویستە
فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێ، گوێڕ ئارامە بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی بەڵام پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە..ڕوونیشی كردەوە، گوندێكی نزیك قەزای مەخموور بووەتە بەربەست لە هەمبەر ئازادكردنەوەی ناوچەیەكی بەرفراوان.



لیوا (ئەرسەڵان مام وسو) فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "ئێستا هێرشەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەرەی مەخموور بۆ ناوچەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا وەستاوە و یازدە گوندێکی دەڤەری مەخموور هێشتا ئازاد نەكراون؛ هەندێكیان دەكەونە ڕۆژئاوای سەنتەری قەزای مەخموورەوە وەك تلشعێر و سوڵتان‌عەبدوڵا؛ خۆی هەتا سەفینە لەو ناوەڕاستەدا ئازاد نەكرێت نە ئێمەی پێشمەرگە و نە سوپای عێراقیش کەسمان ناتوانێ بچێتە نێو ئەو گوندانەوە؛ چونكە لە ڕووی نەخشەی سەربازییەوە گوندی سەفینە دەڕوانێت بەسەر ناوچەكەدا و بێ گرتنەوەی ناتوانین لەو ناوچەیە پێشمەرگە و سوپا جێگیر بكرێت، لە هێرشەكانی سوپای عێراقدا زیاتر بەرە و گەیارە پێشڕەوییان كردووە و نەهاتوون بۆ گرتنەوەی سەفینە."



لەبارەی ڕەوشی ئێستا ناحیەی گوێڕ فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە دەڵێ: "دوای سەركەوتنی ئۆپەڕاسیۆنی ڕۆژانی ڕابردووی میحوەری گوێڕ و خازر پێشمەرگە پەڕیوەتەوە بۆ بەری مووسڵ، ژمارەیەك گوندی دەكەونە بەرامبەر سەنتەری ناحیەی گوێڕ كە پێشتر داعش لەو گوندانەوە هێرشی دەكردە سەر گوێڕ، ئازاد كراون و پێشمەرگەی تێدایە، سەنتەری ناحیە ئارامە و هیچ چەكێكی گروپی داعش ناگات بەو شارەدێ یە، بەڵام بۆگەڕانەوەی خەڵك ئەوە پەیوەستە بە بڕیاری سیاسی، هێشتا گوێڕ وەك سەربازگەیە هەركاتێك بڕیاری لێوەدرا ڕێگە بەخەڵكەكەی دەدرێت بگەڕێنەوە."



لیوا ئەرسەڵان گوتیشی: "چەكدارانی داعش لەو سنوورە هیچ جووڵەیەكی ئەوتۆیان نەماوە و، دوای شكستی مانگی ڕابردوو ئەو هێزەی جارانیان نەماوە، بەڵام من پێشبینی دەكەم ماوەیەكی دیكە دەست بە هێرش بكەنەوە بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە، تا هەبوونی خۆیان بسەلمێنن، بەو بێدەنگییەی ئێستا چەكدارەكانیان نائومێد دەكات، لەبەر ئەوەش پێشمەرگە سەنگەری لێ داوە لە ناوچە تازە ئازادكراوەكان و بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی تیرۆریستانیش ئامادەیە."


KDP_
Top