له كه‌ركووك باوكێك سێ منداڵی خۆی له شه‌قامێك جێ ده‌هێڵێ
نازم كه‌ریم، یه‌كێكه له گه‌واهیده‌ره‌كانی ئه‌و ڕووداوه‌ی شاری كه‌ركووك، ڕایگه‌یاند: "ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ی كه ئه‌و باوكه‌ی هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ی جێ هێشت و خۆی ڕۆیشت، ئۆتۆمبێلێكمان له كار كه‌وتبوو و سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ی بووین، له‌پڕ بینیمان ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ ته‌كسی وه‌ستا، كه پیاوێك و سێ منداڵی تێدابوو، هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ی دابه‌زاند و پاشان پیاوه‌كه خۆی له منداڵه‌كان دزییه‌وه و هه‌ڵهات، ئه‌و دیمه‌نه زۆر جه‌رگبڕ بوو، كاتێك ئێمه به ڕووی منداڵه‌كاندا چووین و بینیمان منداڵه‌كان ده‌گرین و هاوار ده‌كه‌ن بۆ باوكیان، ئینجا ئاومان بۆ هێنان و بردنماننه به‌ر سێبه‌ر تا پشوویه‌ك وه‌ربگرن".
ئه‌و هاووڵاتییه گوتیشی: "دواتر په‌یوه‌ندیمان كرد به پۆلیس و ئاساییشی كه‌ركووكه‌وه و ڕاسته‌وخۆ گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌كه و منداڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد، به‌ڵام تا ئێستا نازانین چاره‌نووسی ئه‌و منداڵانه چیان لێ هات و ناشزانین پۆلیس باوكی ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌ستگیر كردووه یان نا".
ئه‌و باوكه عه‌ره‌به، ئه‌م كاره‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌نجام داوه و ساڵی پاریش جارێكی دیكه هه‌مان باوك هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامێكی كه‌ركووك به‌جێ هێشتووه، به‌ڵام دواتر به فه‌رمانی دادوه‌ر، بڕیاری دراوه جارێكی دیكه باوكه‌كه ئه‌ركی به‌خێوكردنی ئه‌و سێ منداڵه‌ی بگرێته‌وه ئه‌ستۆ، دادگاش به كافاله‌ت ئه‌و باوكه‌ی ئازاد كرد كه جارێكی تر ئه‌و كاره دووباره نه‌كاته‌وه.
رووداوگه‌لی فڕێدانی منداڵان ماوه‌یه‌كه له شاری كه‌ركووك په‌ره‌ی سه‌ندووه و له چه‌ند رۆژی ڕابردوودا پۆلیسی كه‌ركووك له‌نزیك ناحیه‌ی تازه‌ی سه‌ر به كه‌ركووك، منداڵێكی ته‌مه‌ن 10 رۆژه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه كه له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه فڕێ دراوه، هاوكات هه‌ر له شاری كه‌ركووك منداڵێكی دیكه‌ی ساوا له‌نزیك فولكه‌ی حه‌ویجه له شاری كه‌ركووك فڕێ دراوه، له لایه‌كی تره‌وه به‌هۆی كه‌مدرامه‌تییه‌وه دایك و باوكێكی ئاواره‌ی كه‌مپی له‌یلانی سه‌ر به كه‌ركووك، منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كه‌یان به خێزانێكی كه‌ركووكی سپارد كه منداڵیان نابێت.
چیرۆكی جێهێشتنی ئه‌و باوكه‌ی كه هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامێكی كه‌ركووك جێ هێشتبوو جیاوازتره، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و منداڵانه ته‌مه‌نیان گه‌یشتووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مساڵ له باخچه‌ی ساوایان وه‌ربگیرێن و ئه‌سته‌مه بتوانن له لای خێزانێكی دیكه ژیان به‌سه‌ر به‌رن، له‌كاتێكدا دایك و باوكیان له ژیاندا ماون و هیچ گرفتێكی فیزیكی و عه‌قڵییان نییه.
وه‌لید خالید، چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له شاری كه‌ركووك ڕایگه‌یاند: "ئه‌و باوكه‌ی هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر جاده‌ی نێوان كه‌ركووك - عه‌مه‌ل شه‌عبی جێ هێشتووه، له ماوه‌ی ساڵێكدا بۆ دووه‌م جاره كاری وا ئه‌نجام ده‌دات، به بیانووی ئه‌وه‌ی كه توانای به‌خێوكردنی منداڵه‌كانی نییه و ئێستاش ئاشكرای كردووه كه ئاماده‌یه به ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری منداڵه‌كانی بێت و ئاماده‌ی به‌رده‌م دادگا بێت بۆ ئه‌وه‌ی به فه‌رمی و به یه‌كجاری واز له منداڵه‌كانی بهێنێت".
چالاكوانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له كه‌ركووك، گوتیشی: "منداڵه‌كانی كه به ناوه‌كانی (حه‌سه‌ن) 5 ساڵ و (ڕوقیه) 4 ساڵ و (مونته‌زڕ) 4 ساڵ، له لایه‌ن پۆلیسی كه‌ركووكه‌وه پارێزراون، تا دادگا دۆسیه‌ی ئه‌و منداڵانه و باوكیان یه‌كلا ده‌كاته‌وه".
ڕوونیشی كرده‌وه، پێشتر ئه‌و باوكه به‌هۆی فڕێدانی منداڵه‌كانییه‌وه ده‌ستگیر كرا، به‌ڵام دواتر به كه‌فاله‌ت ئازاد كرا و دادگا بڕیاری دا كه چیتر كاری له‌و شێوه‌یه دووباره نه‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی جارێكی تر دووباره كردووه‌ته‌وه، ئێستا فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رچووه.
پێوه‌ند به‌م باسه، عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زا و ناحییه‌كانی كه‌ركووك ڕای گه‌یاند: "ڕاسته ساڵی پار باوكێك له شاری كه‌ركووك به بیانووی ئه‌وه‌ی ناتوانێت منداڵه‌كانی به‌خێو بكات هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی كه‌ركووك فڕێ دا و هه‌ر ئه‌وكات ده‌ستگیر كرا، پاشان به‌كه‌فاله‌ت ئازاد كرا و منداڵه‌كانیشی ڕاده‌ست كرانه‌وه و به‌ڵێننامه‌ی پێ پڕ كرایه‌وه كه ده‌ست بكات به كار بۆ بژێویی ژیانی خۆی و منداڵه‌كانی، به‌ڵام هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌و كاره‌ی جارێكی دیكه دووباره كرده‌وه و منداڵه‌كانی له‌سه‌ر شه‌قامێكی كه‌ركووك به‌جێ هێشتبوو و دواتر هێزه‌كانی پۆلیس و ئاساییش گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌كه".
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركووك، گوتیشی: "ئێستا منداڵه‌كان له لایه‌ن پۆلیسه‌وه پارێزراون، تا ئه‌و كاته‌ی باوكی منداڵه‌كان ده‌ستگیر ده‌كرێت و پاشان دۆسیه‌ی ئه‌و بابه‌ته جارێكی تر ده‌كرێته‌وه و دواجار دادوه‌ر بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و منداڵانه ده‌دات".
باسنيوز
