فوئاد مەعسوم لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 7\9\2016، د.فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، بەرپرسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کە خۆیان بە (زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی) دەزانن و ناوەندی بڕیار بە (باڵی قۆرخکار) وەسفیان دەکات، هەروەها لەگەڵ مەلا بەختیار کۆبوویەوە، ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکێتیش، لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەدات کە ئامانج لە سەردانەکەی مەعسوم، دوایین ھەوڵەکانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ناو یەکێتی، داواشی لە یەکێتییەکان کردووە، ھەموو کێشە و جیاوازییەکان بە ڕێگای لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت.
ڕاگەیاندنی یەکێتی ھێمای بۆ ئەوە کردووە کە لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھێزێکی کاریگەرە و دەبێت ھەمووان ھەوڵی گەشەپێدان و بەھێزکردنی ڕیزەکانی یەکێتی بدەن.
کۆبوونەوەکە بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە لە ناو باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی دروستبووە و لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش، چەند پێشنیازێک بۆ چارەسەری کێشەکان، خراوەتە ڕوو.
باسنیوز
