مەعسوم هەوڵ بۆ ”چارەسەری بنەڕەتی“ی کێشەکانی یەکێتی دەدات

 مەعسوم هەوڵ بۆ ”چارەسەری بنەڕەتی“ی کێشەکانی یەکێتی دەدات
سەرۆک کۆماری عێراق بۆ جاری سێیەم و بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەگەڵ جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی کۆ دەبێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێک، کۆ بوونەوەکە رۆژی چوارشەممە 7ـی ئەیلوولی 2016 لە شاری سلێمانی بەڕێوە چووە.

لە کۆ بوونەوەکەدا، فوئاد مەعسوم، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەم و بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، تاوتوێی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعشیان کردووە و ”دەستخۆشیان لەسەرجەم ئەو ھێزانە کرد، کە لەگۆڕەپانی جەنگ رووبەڕووی تیرۆرستان دەبنەوە“.

لە کۆ بوونەوەکەدا، سەرۆک کۆماری عێراق و جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی تاوتوێی دۆزینەوەی ”چارەسەری بنەڕەتی“یان بۆ کێشەی نێوان ”ناوەندی بریار“ و باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد، هاوسەری تاڵەبانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، فوئاد مەعسوم دوو جاری دیکە لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بۆ هەمان مەبەست کۆ بووەتەوە.

شەوی پێنجشەممە 1ـی ئەیلوولی 2016، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح و ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی و سیاسیی یەکێتی، ناوەندی بڕیاردانی یەکێتییان راگەیاند.

لە بەیاننامەی یەکەمیدا، ناوەندی بڕیار باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە “قۆرخکاری” لە یەکێتی تۆمەتبار دەکات و رایگەیاند، کە ئەوان لە هەولێر بەشدارن لە وەرگرتنی شیرینیی نەوت و لە سلێمانیش ئۆپۆزیسیۆنن.

هەریەک لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە و مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی، لەگەڵ هەریەک لە حاکم قادر، حامید حاجی غالی، شاڵاو عەلی عەسکەری، عەدنانی حەمەی مینا و چەندین سەرکردەی سەربازیی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ ناوەندی بڕیار راگەیاندووە.







باسنیوز
Top